ZNA:هەولێر سەرەتا دەبێت بزانین ئەژنۆ پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی هەیە؛ هەم ئێسکی تێدایە، هەم ناوپۆشی جومگەی تێدایە، هەم کڕکراگە، هەم پەتی پێکەوە بەستنی ئێسکەکان، هەم ژێی بەستنەوەی ماسولکەکان بە ئێسکەکانەوە، هەروەها توورەکەی پڕ ئاو کە لەنێوان ژێ و ئیسکەکان هەن و جووڵەیان ئاسان دەکەن.
ئازارەکە ڕەنگە بەهۆی گرفتی یەکێک لەمانە بێت، واتە هەموو کات ئازارەکە هی ئێسک نییە و لەناو جومگەکە نییە، هەریەکەشیان هۆکار و چارەسەری تایبەتی هەیە.
بەهۆی زەبر و زۆر ماندووبوونەوە پەتەکان دادەخورێن یان دەپچڕێن، ژێیەکان بەهۆی جووڵەی زۆر دووبارەوە تووشی هەوکردن دەبن، توورەکە ئاوییەکان هەودەکەن و دەئاوسێن لە هەندێک کار و پیشەدا، کڕکراگەکان دادەخوڕین و درزدەبەن لەگەڵ چوونە تەمەن، ئێسکەکان تووشی سووان و جۆرەها گرفتی تر دەبن لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن و ماندووبوونی چەند بارەدا، ناوپۆشی جومگەکان تووشی ڕۆماتیزم یان هەوکردن دەبن.
هەندێک لەم ئازارانە کورتن و تێدەپەڕن، بەڵام هەندێکی دیکەیان درێژە دەکێشن و ئاڵۆزی و گرفتی زۆر دروستدەکەن.
بۆیە گرنگە ئازاری ئەژنۆ لەلایەن پسپۆڕی جومگەوە دەستنیشان بکرێ و چارەسەربکرێت، ڕێگای چارەسەر ڕەنگە دەرمانی کورتخایەن یان درێژخایەن بێت، دەرمانی دژە ئازار و دژەهەوکردن و چارەسەری قورستری کیمیاییش ئەگەری هەیە بەپێی جۆری نەخۆشییەکە، هەندێکجارییش پێویست بە دەرهێنانی شلەی هەوکردووی جومگەکە دەکات و بڕیاردەدرێت ئایا دەرزی بۆ ناو جومگەکە بکرێت یان نا.
ئەم هەواڵە 517جار خوێندراوەتەوە |