ZNA- هەولێر
گەشتیارێکی خەڵکی ئسپانیا کە ساڵی رابردوو پاش چوونی بۆ سەر مەزاری ژینا ئەمینی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیرانەوە دەستبەسەر کرابوو پاش پازدە مانگ لە زیندان ئازاد کرا و گەڕایەوە وڵاتەکەی.
سانتیاگۆ سانچێز، پاش پازدە مانگ مانەوەی لە بەندیخانەکانی ئێران رۆژی سێشەممە گەیشتەوە فڕۆکەخانەی مادرید و لە لایەن بنەماڵەکەیەوە پێشوازیی لێ کرا.
ئەم هاووڵاتییە ئسپانییە کە بۆ بینینی یارییەکانی جامی جیهانیی تۆپی پێ بەنیاز بوو لە ئیسپانیاوە بە رێگای زەویدا خۆی بگەیەنێتە قەتەر، لە کاتی سەرهەڵدانی نارەزایەتییەکانی ساڵی رابردووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەیشتە ئێران و پاش ئەوەی سەردانی مەزاری ژینا ئەمینیی کرد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ساڵی ڕابردوو رایگەیاندبوو لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا 9 هاووڵاتیی ئەورووپیی بە تۆمەتی سیخوری و ئاژاوەنانەوە دەستبەسەر کردووە.
ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە |