ZNA - ههولێر
وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە ڕاستەوخۆ ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر لە دژی حوسییەکانی یەمەن کە هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور.
گرانت شاپس ڕۆژی دووشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و وتی هیچ لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەیاندا دوودڵ نابن. وتیشی دەبێت حوسییەکان چاک ئەوە بزانن کە ئێمە وابەستەین بە سزادانی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کەشتییەکان و بارەکانیان دەبەن.
هوشداری دا کە ئەگەربێت و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو هێرشانە بێ دەنگ بێت، ئەوا شیانی هەیە ببێتە هاندەرێک بۆ کەسانی دیکە لە ناوچەی دیکەی جیهان هەمان ڕەفتار بکەن.
ڕۆژنامەی دەیلی تێلگراف کە ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگری بەریتانیای بڵاوکردەوە، دەڵێت لە ئێستادا بەریتانیا و ئەمەریکا پلان دادەنێن بۆ ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە حوسییەکان. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هەردوو وڵات بەیاننامەیەکی هاوبەش ئامادە دەکەن و تیایدا دوا هوشداری خۆیان بە حوسییەکان دەدەن کە دەبێت هێرشەکانیان ڕابگرن.
هاوکات ئاژانسی تەسنیمی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند کەشتی جەنگی ئێرانی (ئەلبورز) لە گەرووی بابوولمەندەبەوە گەیشتووەتە ناو دەریای سوور. ئاژانسەکە هۆکاری چوونی ئەو کەشتییە بۆ ناو ئەو دەریایە باس نەکرد، بەڵام وتی هێزی دەریایی ئێران لەوەتای ساڵی 2009 وە گەیشتووەتە ئەو دەریایە بۆ پاراستنی لە چەتەکانی دەریا.
پێشتر ڕۆژی یەکشەممە، دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە سۆشیال میدیا بڵاویکردەوە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان پەیوەندی کردووە و پێی وتووە ئێران بەرپرسیارێتی ئەوەی لەسەرە ئەو هێرشانە ڕابگرێت.
voa
ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە |