ZNA - هەولێر ڕۆژی سێشەممە، مانگی سووری عێراقی ناردنی 25 تۆن خۆراک و پێداویستی فریاگوزاری بۆ گەلی فەڵەستین لە ڕێگەی گەشتە ئاسمانییەکانی هێزی ئاسمانییەوە بۆ فڕۆکەخانەی ئەلعەریش لە میسر ڕاگەیاند.
مانگی سووری عێراقی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "تیمەکانی مانگی سووری عێراقی 25 تۆن خۆراک و پێداویستی فریاگوزارییان ناردووە بۆ فڕۆکەخانەی ئەلعەریش لە میسر وەک ئامادەکارییەک بۆ گەیاندنیان بۆ مانگی سووری فەڵەستین".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەمە وەجبەی دەیەمی خۆراک و کەرەستەی فریاگوزارییە کە ڕەوانەی مانگی سووری میسر کراون بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە بگەیەنرێنە مانگی سووری فەڵەستین".
ناردنی هاوکارییەکان تا ئێستاش لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بەردەوامە لە ڕێگەی ئاسمانی و دەریایی کە لەگەڵ حکومەتی میسر لەسەری ڕێککەوتوون و لە ڕێگەی هەماهەنگی مانگی سووری عێراق لەگەڵ هاوتا میسری و فەڵەستینیەکانی.
ئەم هەواڵە 385جار خوێندراوەتەوە |