ZNA - ههولێر لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت) و ئاسایشدا ٣٢ گومانلێکراو دەستگیرکران، کە سیانیان بەناو بەرپرسی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشن و لە ئامادەکاریدابوون بۆ هێرشکردنە سەر سیناگۆگ و کڵێساکان و باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستکەوتووە، میت ئاشکرای کردووە کە بەناو بەرپرسی هەواڵگریی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە تورکیا، مجبەل شويحی کە ناوە نهێنییەکەی "ئەبو یەقین عێراقی"ه و محەمەد هیلاف ئیبراهیم ئیبراهیم کە ناوە نهێنییەکەی "ئەبو لەیس"ە لە ئامادەکارییدان بۆ هێرش کردنە سەر سیناگۆگ و کڵێساکان و ئەیهەب عەلانی-ش کە ناوە نهێنییەکەی "عەبدوڵڵا ئەلجومەیلی"ە لە ئامادەکارییدا بووە بۆ هێرش کردنە سەر باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا.
ئەو سێ تیرۆریستە و ٢٩ گومانلێکراوی دیکە کە پەیوەندیيان بەوانەوە هەیە، سپێدەی بەیانی ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی میت و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشدا لە نۆ پارێزگادا دەستگیرکران.
هاوکات لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرا بەسەر ژمارەیەکی زۆر ئامێری دیجیتاڵییدا.
voa
ئەم هەواڵە 385جار خوێندراوەتەوە |