ZNA - ههولێر
لە ماوەی شەوی ڕابردوودا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری غەززە هێرشهكانی سوپای ئیسرائیل و پێشڕەوییان بەردەوام بوو و بە پێی هەواڵەکان تا سهر له بهیانی ڕۆژی شەممە، کەمپەکانی ئەلبوریج، نوسیرات، مەغازی و خان یونس ناوەندی ململانێکان بوون.
بەرپرسێکی باڵای تەندروستی غەززە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 100 فەلەستینی لە ناوچەکانی ناوەڕاستی غەززە کوژراون و 150ی دیکەش برینداربوون.
هاوکات سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کۆمەڵێک تونێلیان لە ژێرزەمینی یەکێک لە خانووەکانی یەحیا سەنوار سەرکردەی حەماس لە غەززە دۆزیوەتەوە و وێرانیان کردووە.
پەرەسەندنی ململانێکان لە غەززە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا داوای لە ئیسرائیل کردووە هێرشەکانی بۆ هەڵمەتێکی ئامانجدار بۆ کوشتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بگۆڕێت.
لە هەمان کاتدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە کۆنگرێسی ڕاگەیاندووە کە دووەم "بڕیاری بەپەلە" بۆ فرۆشتنی کەرەستەی بەرهەمهێنانی سەربازی بە بەهای 147.5 ملیۆن دۆلار بە ئیسرائیل دراوە کە پێویستی پێیەتی.
لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردوەتەوە کە "بە لەبەرچاوگرتنی بەپەلەی پێداویستییەکانی بەرگری ئیسرائیل، وەزیری دەرەوە، کۆنگرێسی ئاگادار کردەوە کە دەسەڵاتی ڕاسپێردراوی خۆی بەکارهێناوە بۆ دیاریکردنی باری نائاسایی بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەو گواستنەوەیە ئەنجام بدرێت".
voa
ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە |