ZNA - هەولێر دوێنێ هەینی، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەئامانجگرتنی بنکەی "خەراب ئەلجیر"ی ئەمەریکی لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا گرتە ئەستۆ. ئەو گرووپانە کە خۆیان بە " مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، بە مووشەک بنکەکەیان بۆردومانکردووە. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەستی پێکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ پێشتر رایگەیاندبوو، کە گرووپەکانی لایەنگری ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی "خەراب ئەلجیر"ـی ئەمەریکی لە لادێکانی حەسەکە.
ڕوانگە ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بووەتە هۆی تەقینەوەی بەهێز لەو بنکەیەی کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا هەوڵیانداوە ڕووبەڕووی هێرشەکە ببنەوە و ڕێگری لەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانییەکان نییە.
گرووپەکانیش بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاندووە، دووپاتیان کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەیان ئامانجەکانیان پێکاوە.
بەگویرەی بەرپرسانی ئەمەریکا لە وەتەی شەڕی غەززە دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا 103 هێرش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا.
ئەم هەواڵە 613جار خوێندراوەتەوە |