ZNA - هەولێر رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، رایگەیاند، کوشتنی ئاڵای سپی هەڵگرەکان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە، یەکەمجار نییە و ئەمەش کێشەی بنەڕەتی پەیوەست بە پاراستنی خەڵکی مەدەنی دەوروژێنێت.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا کە "هێزەکانی سوپای ئیسرائیل تەقەیان لە بارمتە ئیسرائیلییەکان کردووە لە غەززە کوشتیانن، هەرچەندە ئاڵای سپییان هەڵگرتبوو، کێشە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئێستادا دەوروژێنێت".
جەختیشی لەوە کردەوە، کە "هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی بە تەواوی قەدەغەیە." هەروەها قەدەغەیە هێرش بکرێتە سەر ئەو چەکدارانەی کە نیازی خۆ ڕادەستکردنیان ڕادەگەیەنن، بۆ نموونە بە هەڵکردنی ئاڵای سپی، ئاماژەی بەوەشکرد کە “سوپای ئیسرائیل پێشتر ئەو هاووڵاتییە مەدەنییە فەڵەستینیانەی دەکردە ئامانج کە ئاڵای سپییان هەڵگرتبوو یان هەڵیاندەدا.
ئاشکراشی کرد کە لە ساڵی 2009دا "حەوت ڕووداوی لە کاتی شەڕەکەدا تۆمارکردووە، کە تیایدا سوپای ئیسرائیل بە شێوەیەکی نایاسایی تەقەی لە 11 هاووڵاتی مەدەنی فەڵەستینی کردووە، کە بە کۆمەڵ بوون و ئاڵای سپییان هەڵگرتبوو"، کە قوربانییەکان پێنج ژن و چوار منداڵیان تێدابوو.
ئەم هەواڵە 388جار خوێندراوەتەوە |