ZNA - هەولێر لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بە ڕێنمایی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا هێرشییان کردە سەر سێ دامەزراوەی کەتایب حزبوڵڵا و گروپەکانی سەر بەو لایەنە لە عێراق، ئەمەش لە وەڵامی زنجیرەیەک هێرش بوو بۆ سەر کارمەندانی ئەمەریکا لەعێراق و سووریا کە لەلایەن میلیشیاکانەوە ئەنجامدراوە".
ئۆستن ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو هێرشەی پێشتر لەلایەن کەتایب حزبوڵڵا و گروپەکانی سەر بەو لایەنە بۆ سەر بنکەی ئاسمانی هەولێر ئەنجامدرا، مەبەست لێی تێکدان و لاوازکردنی تواناکان بوو، هێرشەکەش بووە هۆی برینداربوونی 3 کارمەندی ئەمەریکا کە باری تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە".
ئۆستین گوتیشی، "من و سەرۆک بایدن درێغی ناکەین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەرگریکردن لە ئەمەریکا و هێزەکانمان و بەرژەوەندییەکانمان، و دووپاتی دەکەینەوە کە هیچ ئەولەویەتێکی باڵاتر نییە، و لەکاتێکدا ئێمە هەوڵی پەرەپێدانی ململانێکان نادەین لە ناوچەکە، ئێمە بە تەواوی پابەندین و ئامادەین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتری پێویست بۆ پاراستنی گەلەکەمان و ئاسانکارییەکانمان.”
سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، کەمپێکی بزووتنەوەی نوجەبا کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆردومانکراوە، لەکاتێکدا پێنتاگۆن بۆردومانکردنی 3 دامەزراوەی لیواکانی حزبوڵڵای عێراقی ڕاگەیاند.
ئەم هەواڵە 463جار خوێندراوەتەوە |