ZNA - هەولێر سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە کوژرانی دوو سەربازی ڕاگەیاند، ژمارەی کوژراوانیش لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بۆ 489 سەرباز بەرزبووەتەوە، هاوکات لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە غەززە لە 27ـی ئۆکتۆبەرەوە ژمارەی کوژراوان لە نێو ڕیزەکانیدا گەیشتووەتە نزیکەی 156 سەرباز.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سوپای ئیسرائیل، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە ژمارەی بریندارانی نێو ڕیزەکانی گەیشتووەتە نزیکەی هەزار و 998 کەس، هاوکات ژمارەی بریندارانیش لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە غەززە گەیشتووەتە نزیکەی 817 کەس.
لە لایەنی فەلەستینیشەوە، وەزارەتی تەندروستی لە غەززە دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند، کە ژمارەی کوژراوانی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بۆ 20 هەزار و 424 کوژراو و 54 هەزار و 36 بریندار بەرزبووەتەوە.
شەڕی کەرتی غەززە پێی ناوە 80هەمین ڕۆژی خۆی، لە کاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بۆردومانکردنی شار و پارێزگاکانی باکوور و باشووری کەرتی غەززە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێکدادانی توند بەردەوامە و ترسی نێودەوڵەتی لە خراپتربوونی کارەساتی مرۆیی هەیە.
س/ رووسیا ئەلیەوم
ئەم هەواڵە 481جار خوێندراوەتەوە |