ZNA- هەولێر
لەنوێترین هەوڵیدا بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی بندەستی حەماس، ئیسرائیل نێردەیەکی باڵا ڕەوانەی میسر کردووە.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، لەچوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی بندەستی حەماس، حکومەتەکەی ناتانیاهۆ هەفتەی رابردوو نێردەیەکی باڵای رەوانەی قاهیرەی پایتەختی میسر کردووە.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەشکردووە، ئامانج لەناردنی ئەو نێردەیە بۆ مسیر گفتوگۆ بووە لەگەڵ نێوەندگیرەکان بەو مەبەستەی لەگەڵ حەماس بگەنە رەشنووسی رێککەوتن دەربارەی ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەی هێشتا لەغەززە ماون.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوشاری لە بەرپرسانی ئیسرائیل کردووە هەوڵی تەواو بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بخەنەگەڕ.
سەردانی نێردەی ئیسرائیل لەگەڵ سەردانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بۆ میسر هاوکاتە.
هەنیە پێش ئەوەی بچێتە میسر چاوی بە حوسێن ئەمیرعەبدوڵلایانی وەزیری دەرەوەی ئێران کەوتبوو.
ئەم هەواڵە 466جار خوێندراوەتەوە |