ZNA- هەولێر سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە، ڕایگەیاند، کە 8 سەرباز لە شەڕەکانی کەرتی غەززە کوژراون و ژمارەی کوژراوەکانی لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بۆ 485 سەرباز بەرزبووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانەوە 158 سەرباز کوژراون، هاوکات کۆی ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە هەزار و 996 کەس، لەنێویاندا 826 بریندار لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانەوە بریندار بوون.
لە ماڵپەڕەکەیدا وێنە و ناوی 8 کوژراوەکەی بڵاوکردەوە: دەیڤید بۆگدانۆڤسکی تەمەن 19 ساڵ، ئوریێل باشان، تەمەن 20 ساڵ، هەروەها دوو سەربازی دیکە لە کەتیبەی 603ـی ئەندازیاری، لە پێکهاتەی سار میگۆلان 7.
راشیگەیاند، گال هێرشکۆ، تەمەن 20 ساڵ، ئیتامار شیمن تەمەن 21 ساڵو ناداڤ یوساکر فەرحی تەمەن 30 ساڵ و ئەلیاهو مێیر ئۆحانا، تەمەن 28 ساڵ، هەروەها ئەفسەر بەپلەی لیوای یەدەگ ئەلیساف شوشان تەمەن 23 ساڵ ئوحد عاشور تەمەن 23 ساڵ لە نێو کوژراوەکاندان
دوێنێ ئێوارە، شەممە، سوپای ئیسرائیل کوشتنی 5 ئەفسەر و سەربازی لە شەڕەکانی باشوور و باکووری کەرتی غەززەی ڕاگەیاند.
شەڕی غەززە پێی ناوەتە 79هەمین ڕۆژی خۆیەوە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بۆردومانکردنی شار و پارێزگاکانی باکوور و باشووری کەرتی غەززە.
لە 7ـی ئۆکتۆبەر شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل سەریهەڵدا، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 500 ئیسرائیلی کوژراون، هەروەها زیاتر لە 20 هەزار فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 50 هەزاریش بریندارن.
ئەم هەواڵە 421جار خوێندراوەتەوە |