English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حه‌وته‌م فێستیڤاڵی شانۆی شه‌قامی ده‌ربه‌ندیخان دەستیپێکرد
2023-11-27 [11:54 AM]

هەولێر – ZNA


حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ له‌ ده‌ربه‌ندیخان حه‌وته‌م فێستیڤاڵی شانۆی شه‌قامی كرده‌وه‌ و له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند، یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان خزمه‌تكردنی شانۆ و زه‌مینه‌سازییه‌ بۆ شانۆكارانی كورد.

ئه‌مڕۆ له‌ ده‌ربه‌ندیخان به‌ به‌شداری ده‌یان گرووپی شانۆیی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی، حه‌وته‌م فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی شه‌قام له‌ ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستی پێكرد و بڕیاره‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ پێنج رۆژ بخایه‌نێت.

به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌بوون له‌ رێوڕه‌سمی ده‌ستپێكردنی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان سه‌ردانی ده‌ربه‌ندیخانی كرد و له‌ لایه‌ن سلێمان محه‌ممه‌د سه‌عید، قائیمقامی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان و به‌رپرسانی ئیداری شاره‌كه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

له‌ هۆڵی رۆشنبیری ده‌ربه‌ندیخان، له‌ رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌شكرد.

له‌ وتاره‌كه‌دا وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان رایگه‌یاند، "هونەری شانۆ یەکێکە لە هونەرە جوانەکان، هاوتەمەنی کۆمەڵایەتیبوونی ژیانی مرۆڤە، یەکێکە لە هەرە ھۆکارە گرنگەکانی فێربوون و وێناکردنی جوانی ژیان".

گوتیشی: "لە رێگەی ئەم هونەرەوە : (دیاردە و کەسێیتیەکان وڕرووداوەکان) لە ناو مێژووەوە دەهێنرێنەوە ناو ژیان و بەشێوەیەکی بەرجەستە پیشاندەدرێنەوە، لێرەشەوە گرنگی و بایەخی ھونەری شانۆ وەک هونەرێکی جوان دەنرخێنرێت".

سه‌باره‌ت به‌ مێژووی شانۆی كوردی، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان وتی: "ئەگەرچی تەمەنی هونەری شانۆ وەک هونەری جوان لە ناو ئێمەی کورددا زۆر نییە، بەڵام شانۆکارانی کورد بە دڵسۆزی و خۆنەویستی، نەخشی گەورەیان هەبووە و بەرهەمی جوان و بەپێزیان نمایش و پێشکەش کردووە".

روونیشیكرده‌وه‌، "ھونەرمەندانی کورد لە فێستیڤاڵ و دیدارە شانۆییەکاندا لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستانیش كاره‌كته‌رێكی دیاربوون و توانیویانە خەڵاتی گرنگ بەدەست بھێنن".

له‌ باره‌ی ئه‌ركی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و پشتیوانیكردنی شانۆكارانی كورد، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان وتی: "وەک وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانمان خزمەتی شانۆ و زەمینەسازییە بۆ شانۆکاران، هەتا بتوانن خەرمانی توانا و داهێنانی خۆیان لە بواری ئەم هونەرەدا گەورەتر و فراوانتر و جوانتربکەن".

به‌ هۆی قه‌یرانی دارایی و په‌تای كۆرۆناوه‌ له‌ 2019ه‌وه‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی شه‌قام له‌ ده‌ربه‌ندیخان به‌ڕێوه‌نه‌چووه‌، ئه‌مساڵ به‌ هه‌وڵی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان جارێكی دیكه‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ خراوه‌ته‌وه‌گه‌ڕ.

له‌و باره‌یه‌وه‌ حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید گوتی: "ئەگەرچی ساڵانێکە قەیرانی دارایی و رووداو پێشھاتە نەخوازراوەکان لەسەر سینگی هەمووان چۆکیان داداوە، بەڵام چراخانی نماییشە شانۆییەکان لەشارو شارۆچکەکانی کوردستاندا هەر رۆشن و گەشاوە بوون".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "وەزارەتی رۆشنبیری لەکابینەی نۆھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا و لە رێنماییەکدا فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانی رێکخستەوە، لەو رێنماییەدا فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام بۆ شاری دەربەندیخان دیاریکراوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئەمساڵ وەزارەت پشتیوانی سێ فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی کردووە، ئەوانیش یەکەم لە چەمچەماڵ و دووەم لە کەرکووک و سێیه‌میان له‌ ده‌ربه‌ندیخانه‌".

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان "دەستخۆشی لەبەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری دەربەندیخان كرد و سوپاسی ھەوڵ و ماندووبونی رێكخەرانی فێستیڤاڵەکە و ئیدارەی شارەکەی كرد".

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ده‌ربه‌ندیخان، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان سه‌ردانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانی كرد و له‌ لایه‌ن به‌ڕێوبه‌ر و فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌وه‌ پێشوازی لێكرا و پاشانیش ئاماده‌ی به‌شێك له‌ چالاكییه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه‌ بوو.
 





ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad