|
هەولێر – ZNA بڕیاره له سێیه‌م رۆژی حه‌وته‌م فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی شانۆی شه‌قام له كه‌ركووك قه‌ڵغانی رێزلێنان ببه‌خشرێته حه‌وت هونه‌رمه‌ندی دیاری بواری شانۆ و نواندن و هونه‌ری حه‌وته‌م.
بڕیاره رۆژانی 19، 20، 21ـی تشرینی دووه‌می 2023، به به‌شداری 24 تیپی شانۆیی كوردستان، عێراق، سووریا، ئێران، جه‌زائیر، تونس و ئیتاڵیا، به چاودێری حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی شه‌قام له شاری كه‌ركووك به‌ڕێوه‌بچێت.
له چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، جگه له نمایشی شانۆ، رێوڕه‌سمی ناساندن بۆ چه‌ند كتێبێك ده‌كرێت و هه‌شت شانۆكاری به ئه‌زموونیش به‌شداری پانێلێكی تایبه‌ت به هونه‌ری شانۆ و ئه‌زموونه‌كانیان له‌و بواره‌دا پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
ده‌ق و نمایشه شانۆییه‌كان و لێهاتوویی شانۆكاره‌كان له لایه‌ن چه‌ند لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌نده‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێن و خه‌ڵات به‌سه‌ر باشترین ئه‌كته‌ری كوڕ و كچ و باشترین بیرۆكه و به‌رهه‌م و ده‌رهێنه‌ر دابه‌ش ده‌كرێت.
بڕیاره له سێیه‌م رۆژی فێستیڤاڵدا، واته رۆژی سێشه‌ممه 21ـی تشرینی دووه‌م، خه‌ڵات و قه‌ڵغانی رێزلێنان ببه‌خشرێت به هه‌ریه‌ك له هونه‌رمه‌ندان گه‌زیزه عومه‌ر، حه‌مه‌سوار محه‌ممه‌د، د. كه‌ریم خه‌نجه‌ر، شیراز عه‌زیز، سه‌ربه‌ست ئه‌حمه‌د، حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان و سه‌لام زه‌نگه‌نه.
به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵه‌كه دوای ئه‌و هه‌وڵانه دێت، كه وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خستیه‌گه‌ڕ له پێناو به‌رده‌وامیدان به خوله‌كانی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی شه‌قام له كه‌ركووك و سه‌رخستنی فێستیڤاڵه‌كه.
ئەم هەواڵە 346جار خوێندراوەتەوە |