ZNA - هەولێر بەڵگەنامە دادوەرییەکان دەریانخستووە کە هانتەر بایدن کوڕی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە 11ـ1-2024، لە دادگای لۆس ئەنجلۆس ئامادە دەبێت و لەسەر دۆسییەکی خۆدزینەوە لە باج دادگایی دەکرێت.
بایدنی کوڕ، ڕووبەڕووی 9 تۆمەتی تاوانکاری دەبێتەوە کە پەیوەندییان بە خۆدزینەوە لە باج هەیە، لەسەر ئەو داهاتانەی کە لە پڕۆژە بازرگانییەکانی دەرەوەی وڵات بەدەستی هێناوە.
بەپێی ماڵپەڕی دادگا، هانتەر لە کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆ، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە ئەلکا ساگار ئامادە دەبێت.
میدیاکانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە چاوەڕوان دەکرێت هانتەر بایدن لە دادگا دانی بە بێتاوانی خۆیدا بنێت.
جێگای سەرنجە کە لە 8ـی کانوونی یەکەمدا، لێکۆڵەری تایبەت دەیڤید وایس کە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمەریکاوە دەستنیشانکرابوو، هانتەر بایدنی بە تۆمەتی تاوانکاری تۆمەتبار کرد، کە نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلاری لە باجی فیدراڵی نەداوە لە ماوەی نێوان ساڵانی 2016 و 2019ـە.
بەپێی هەواڵی میدیا ئەمەریکییەکان، کوڕەکەی بایدن ئەگەر تاوانبار بکرێت، دەتوانێت سزای 17 ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێندرێت.
ئەم هەواڵە 520جار خوێندراوەتەوە |