ZNA - هەولێر فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، بەبۆنەی دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت، پەیامێکی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەبۆنەی دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پەیامێکی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان کرد و گوتی: "ئێمە متمانەی تەواومان بەهەوڵەکانی ئێوە هەیە و دەستخۆشیتان لێدەکەین بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەموو قۆناغەکاندا".
ئاماژەی بەوەشکرد، "جەخت لەوەدەکەینەوە کە ئێوە ئازادن لە وەی لە هەڵبژاردن دەنگ بەکێ دەدەن، هەروەها هیچ کەسێک بۆی نییە ناچارتان بکات دەنگ بەکێ و بە چ لایەنێک بدەن".
ئەمڕۆ 16/12/2023، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە کاتژمێر 7ی بەیانی پرۆسەکە دەستیپێکردووە و تا کاتژمێر 6ی ئێوارە بەردەوام بێت.
ئەم هەواڵە 574جار خوێندراوەتەوە |