ZNA - هەولێر سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ دووشەممە، دەستگیرکردنی پێنج ئەندامی داعشی ڕاگەیاند، کە بەنیازبوون هێرشی تیرۆریستی بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری پارێزگای ئەنبار دەستپێبکەن.
ئەو سەرچاوەیە لە بەیاننامەیەکدا بە میدیاکانی عێراقی ڕایگەیاندووە، "هێزە ئەمنییەکان لەدوای وەرگرتنی زانیاری هەواڵگری هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی فەللوجە، ڕومادی، عەنە، و قائیم، هەروەها 5 ئەندامی داعشیان دەستگیر کردووە، کە پلانیان هەبوووە کاری تیرۆریستی بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ئەنبار ئەنجامبدەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامدا بۆ بەدواداچوونی پاشماوەی شانە نووستووەکانی ئەو ڕێکخراوە تاوانکارییە لە سەرتاسەری شارەکانی ئەنبار دوای چاودێریکردنی چالاکییەکانی گروپە تیرۆریستییەکان لە بیابانی ڕۆژئاوا".
دووپاتیشی کردەوە، "هێزە ئەمنییەکان بە ڕێوشوێنی توندی ئەمنی دەستگیرکراوەکانیان گواستووەتەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و وردەکاری زیاتر لەبارەی حەشاردانی ئەندامەکانی دیکە بزانن".
ئەم هەواڵە 394جار خوێندراوەتەوە |