ZNA - ههولێر محەممەد شياع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر نێردەیەکی بیانی یان بارەگەیەکی دیپلۆماسی، تاوانی تیرۆریستییە و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی تووندترین سزا دەکرێنەوە.
ئێوارەی رۆژی هەینی، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند کە محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی عێراق کردووە بۆ تاوتوێکردنی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەو زیانەشی کە بە "ئاساییشی نیشتمانی، سەقامگیریی وڵات و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی عێراق گەیاندووە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "محەممەد شياع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر نێردەیەکی بیانی یان بارەگەیەکی دیپلۆماسی، تاوانی تیرۆریستییە و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی تووندترین سزا دەکرێنەوە".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لەو هەڵوێستەی سوودانی دەکات و دەڵێت: "سەرۆکوەزیران سوودانی بە شێوەیەکی راست ئەم هێرشانەی بە 'کاری تیرۆرستی' ناوبردن."
وەزارەتەکە دەشڵێت: "داوا لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەین، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە دەستگیر بکەن و بە دادپەروەرییان بگەیێنن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "حکومەتی عێراق چەندین جار بەڵێنیداوە کە نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی ئەمریکاش بپارێزێت، کە لەسەر داواکاریی عێراق لەوێن. ئەمە، هاوشێوەی مافی بەرگریلەخۆکردنمان، قسەی لەسەر ناکرێت."
ئەم هەواڵە 391جار خوێندراوەتەوە |