ZNA- هەولێر بودجەی ساڵی 2023، کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکرا، بە بەرزترین بودجە دانرا لە مێژووی بودجەی عێراقدا، بەو پێیەی بڕی 199 ترلیۆن دیناری عێراقی بوو، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەمساڵدا ، پێشبینی دەکرێت تەنها 58%ی بودجە خەرج بکرێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی سەباح، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان، موعین کازمی ڕایگەیاند، لیژنەکە کۆبونەوەی لەگەڵ بەشی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەبوو، ئەوەی تا ئێستا ڕوویداوە تەرخانکراوەکانە بۆ پارێزگارەکان و وەزارەتەکان، بەڵام بە شێوازی پێویست، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی لە ماوەی شەش مانگی یەکەمدا خەرجکراوە 47 تریلیۆن دینار بووە."
کازمی گوتیشی، "لە شەش مانگی دووەمدا ڕێژەی خەرجییەکان دەگاتە زیاتر لە 70 ترلیۆن دینار، بەم شێوەیەش کورتهێنانی بودجەمان نابێت، بەڵکو زیادەڕۆیی دەبێت"، جەختیشی لەوە کردەوە، "ساڵی داهاتوو بەبێ کورتهێنان دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان، تەرخانکردنی زیاتر بۆ پارێزگا و وەزارەتەکان دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی بەرنامەی حکومەت کە لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە پێشکەش دەکرێت.
بەم پێیە کۆی ئەو بڕە پارەیەی کە خەرج دەکرێت لە ماوەی ئەمساڵدا تەنها 117 ترلیۆن دینار دەبێت، کە بڕە پارەیەک هاوتایە بە تەنها 58%ی کۆی بودجە کە دەکاتە 199 ترلیۆن دینار.
ئەم هەواڵە 532جار خوێندراوەتەوە |