ZNA - هەولێر ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە حکومەتی عێراق کرد ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات بۆ پاراستنی هەموو ئەو دامەزراوانەی کە کارمەندانی ئەمەریکی لێیە، هەروەها لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن لە هێرشکردنە سەر ئەمەریکییەکان لە عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بلینکن قسەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و باسیان لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و پێویستی رێگریکردن لە درێژبوونەوەی ململانێکان کردووە.
راشیگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا، باسی لە دۆخی مرۆیی غەززە کردووە، بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ عێراق و هاوبەشەکانی دیکەی ناوچەکە بۆ دیاریکردنی ئەو هەنگاوانەی کە دەتوانرێت بگیرێنەبەر بۆ دانانی بناغەکانی ئاشتییەکی دادپەروەر و بەردەوام.
ئەم هەواڵە 520جار خوێندراوەتەوە |