ZNA_ هەولێر
ئەمڕۆ ٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣، بە سەرۆکایەتی بەڕێز محەمەد شەیاع سودانى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، ئەندامێتی فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندامانی تری ئەنجومەنەکە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی ئاسایشی وڵات و هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری کرا لە رێگەی ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و بەدواداچوون بۆ گروپ و باندە تاوانکارییە رێکخراوەکان.
هەر لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی دامەزراندنی هاوڵلاتیان بۆ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، ئەمەش بۆ دابین کردنی توانای مرۆیی بۆدەزگاکان.
هەروەها ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، باسیان لە ڕێوشوێنەکانی پێک هێنانی ئەو لیژنەیە کرد، کە بەگوێرەی فەرمانی دیوانی ژمارە (٢٢٢٢٠) ی ساڵی ٢٠٢٢ دامەزراوە، بۆئەوەی لیژنەیەکی پاڵپشتی کراو و ناوەندی هەمیشەیی هەبێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی پەیوەست بە کاروباری مۆڵەتی مانەوە لە نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە سەر گرنگی ڕێکخستنی جوڵەی کاروانە سەربازییەکان، کە دەبێت لە رێگەی نوسراوی جموجۆڵەکانەوە بێت و لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە دەربچێت.
هەروەها باس لە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرا، بۆ ئەنجام دانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە لە ١٨ی کانونی یەکەمی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، تیایدا فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کرد بە لێپێچینەوەی یاسایی لە هەر کەسێک کە سەرپێچی بکات.
ئەم هەواڵە 322جار خوێندراوەتەوە |