ZNA - هەولێر رۆژیی دووشەممە، دادگای ناوەندیی تاوانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەر 4 کەسدا سەپاند، کە بەتۆمەتی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەقەمەنی بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان سزادران. عێراق هەوڵدەدات سنووردارکردنی بەکارهێنانی چەک لەسەر خاکەکەی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زۆرێک لە لایەنە چەکدارەکان، کە بەشێکیان بنکە ئەمەریکییەکانیان کردە ئامانج، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە غەززە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، "تیرۆریستان پاڵپشتی لۆجستییان بۆ باندە تیرۆریستییەکانی داعش کرد، بە ئامانجی بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای بڕگەکانی ماددەی چوار/1 دەرچووە" لەگەڵ مادەی دووەم/1، 3، 4، و 5ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 13ی ساڵی 2005".
ڕۆژێک پێش دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بەسەر ئەو چوار سزادراوەدا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرکوەزیرانی عێراق، لە بەغدا لەگەڵ کەریم ئەحمەدخان، داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کۆبووبووەوە.
بەپێی بەیاننامەیەک کە نووسینگەی سوودانی بڵاویکردووەتەوە، "داوای لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کردووە هاوکاری عێراق بکات و پشتیوانی بکات لە دەستنیشانکردنی لایەنگرانی تیرۆر لەو وڵاتەدا".
لە میانی دیدارەکەدا "باسیان لە میکانیزمی هاریکاری نێوان حکومەتی عێراق و دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ لێپرسینەوە لە ئەندامانی باندە تیرۆریستییەکانی داعش کە تاوانیان لە عێراق ئەنجامداوە، بە شێوەیەک کە هاوکار بێت بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ ئەو هەزاران قوربانییەی دەستی تیرۆر".
ئەم هەواڵە 412جار خوێندراوەتەوە |