ZNA - هەولێر پهرلهمانی عێراق بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی حەلبووسی، دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجام دەدات و سوننەکانیش دەسەڵاتیان داوە بە دوو کەسایەتی سیاسی بۆ دەستنیشان کردنی کاندیدێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023، بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنی نائاسایی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدات، ئەوەش دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی دێت کە لە هەفتەی ڕابردوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان دەریکرد.
بەگوێرەی نووسراوێکی بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران، کە کارنامەی دانیشتنی تایبەتی خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی بڵاوکردووەتەوە، کە ساڵی دووەمی یاسادانان، خولی دووەمی یاسادانان دەبێت، لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکە لە کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ سوننەکان لەبارەی دیاریکردنی کاندیدێک بۆ جێگرەوەی حەلبووسی کۆبوونەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، هاوپەیمانی سیادە و کەسایەتییە سوننەکان بڕیاردرا دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر بدرێت.
ئەم هەواڵە 388جار خوێندراوەتەوە |