English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
رۆڵی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە ناساندن و پابەندی و پەرەپێدانی مەزهەبی ئیمامی شافیعی
2023-11-21 [09:04 AM]



نووسینی: مەلا عبدالله شێرکاوەیی
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایان.


بە ئاوەڕدانەوە لە مێژووی رابردووی زانایانی کوردو وردبوونەوە لە ئاراستەی کارو هەنگاوەکانیان لەرووی مەنهەجی و پابەندییەوە، دەگەینە ئەو راستیە کە زانایانی ئایینی هەمیشە لە چوارچێوەی تێگەیشتنی دروست و بەرکامڵبوونی زانستیی بە لەبەر چاوو گرتنی بۆچوونی گەورە زانایان، بنەمای رێڕەوێکی دروستیان بۆ هەستیاری بابەتی فەتواو مامەڵەکردن لە گەڵ پێشهاتە تازەکان گرتۆتە بەر.
ماوەی پتر لە دە سەدەیە زانایانی کورد لە زۆربەی هەرە زۆری پارچەکانی کوردستان بەپێی مەزهەبی ئیمامی شافیعی بناغەی فەتوادانیان داناوەو لەسەری رۆیشتوون، لەم نێوەشدا گەورەترین قازانج و خزمەتیان بەرامبەر میللەتی کورد لەرووی دینداری و دونیابینی و ئاراستەی هزری و ئەمنی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی گەیاندووە، کە بۆتە هۆکاری تەبایی و یەکڕیزی گەلی کوردو پاراستنی کلتوری دینداری و بەهاو نەریتە جوان و رەسەنەکان.
ئەمەش خاڵی بەهێزو گرنگی روئیافراوانی مەلای کورد لە خزمەتکردن بە رێڕەوی دینداری و هەستی نەتەوایەتی و بەرەو پێشبردنی دۆزی رەوای گەلەکەمان پیشان دەدا، کە پاڵپشتبوون بۆ هەموو ئەو هەنگاوانەی بەسوودی ئایینی و نەتەوەیی گەڕاونەتەوە، ئەم دیدگاو تێڕوانینە مەزنە وای کرد رۆڵ و خزمەتی مەلای کورد نەک تەنها لەناو کورد؛ بەڵکو لەناو جیهانی ئیسلامی جێی خۆی بکاتەوەو ببێتە هۆکارو دەرفەتی خێرو دەرکەوتنی ئەستێرەی کورد لە بڵاوکردنەوەی پەیامی ئیسلامپەروەری و مرۆڤدۆستی و میانڕەوی، نمونەی قازی ئەبو عەلی بەندەنیجی و مەلا حوسەینی شارەزووری موفتی لەسەردەمی دەوڵەتی عەباسی و، مەلا ئەحمەدی شێخولئیسلامی گۆران موفتی قاهیرەو ئەستەنبۆڵ لەسەردەمی سوڵتان موڕادی دووەم و، مەلا ئیسماعیلی ئاموودی و مەلا محمدی وانقولی و شێخ جەعفەری بەرزنجی و مەلا سولەیمانی گەردی و شێخ ئیبراهیمی گۆران کە رۆڵی موفتیان لەنێوان مەککەو مەدینە بینیوە، بنەماڵەی زانایانی زەهاوی و حەیدەرییەکان کە بۆ ماوەی چوارسەد ساڵ رۆڵی باڵایان لە بواری زانست و فەتواو تەدریس لە عیراق هەبووە، محمد فەیزی زەهاوی پتر لە سی و هەشت ساڵ موفتی بەغداو، هەروەها مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو موفتی شاری کەیپ تاونی ئەفریقاو دواهەمینیان زانای ناودار عەللامە مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس؛ زەقترین نمونەن لەوەی زانایانی کورد خزمەتی گەورەیان بە جیهانی ئیسلامی کردووە!
ئەم رۆڵ و پێشەنگ بوونە لەوەدا خۆی بینیوەتەوە، کە زانایانی هەڵکەوتووی کورد هەمیشە لەسەر بنەمای زانستی و تێگەیشتنی دروست هەنگاویان ناوەو، هیچ کات ڕێڕەوی زانایانی پێشینیان پەراوێز نەخستووە، بەڵکو هۆکاری درێژەپێدەری زنجیرەی زانستی کاروانەکە بوون و، بەر رێ و رێبازی خەڵک و کۆمەڵگەیان رۆشن کردووەو میللەتیان لە کێشەو ئەندێشە دوور خستۆتەوە.
لە هەموو قۆناغە جیا جیاکان زانای بلیمەت هەبوون، کە بە شێوەی نا فەرمی رۆڵی موفتیان بینیوەو بەهۆکاری زروف و زەمان خزمەتی بواری فەتوایان کردووە، هاوکات لەرووی بانگەوازی و ئیسڵاح و بڵاوکردنەوەی وەستیەت و ئاشتی و ئاشتەوایی و تەدریس و ناساندنی توراسی فیقهی و فکری و بەستنەوەی واقیعی دینداری بە رابردووی کۆشش و ئیجتیهادی گەورە زانایان تا دەگاتەوە سەرچاوەی سەرەکی و سەردەمی حەزرەتی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) لەسەر بنەمای زانستی و لە چوارچێوەی مەزهەبی ئیمامی شافیعی و بە یەک ئاراستە گەورەترین خزمەتیان پێشکەش کردووە.
لە ناوەراستی سەدەی رابردوو بە حوکمی ئەوەی دەستەڵاتی کوردی لە رووی ئیسلامپەورەری و هەستی نەتەوایەتی زۆر نزیک و ئاوێتە بوون، پێگەی فەتوا لە شێوەی قەزا سەیر دەکراو تەنانەت لە سەردەمی شۆڕشی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد وێڕای نەبوونی دام و دەزگای حکومی و ئیداری، بەڵام چەند زانایەکی ئایینی وەک قازی دەستنیشان کرا بوون بۆ راییکردنی پرس و کاروبارە ئایینیەکان و چارەسەکردنی گرفتی خەڵک، لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی لە ساڵی 1970 لەبەر گرنگی و هەستیاری فەتوا ئەم بابەتە جۆرێک لە فەرمیبوونی وەرگرت و (لێژنەی فەتوا – لێژنەی قەزا) بۆ سەرپەرشتی کردن و راییکردنی کاروبارە پەیوەستەکانی بواری شەرعی دامەزرا، وەک لە ماددەی یازدەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی زانایان هاتووە: (یەکێتی زانایان چەند لێژنەیەکی فەتوا لە گەورە زانایانی ئایینی کوردستان پێکدێنێت بۆ سەرپەرشتیکردنی کاروباری فەتوا لەژێر سەرپەرشتی لێژنەیەکی باڵا).
لە دوای راپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و دام و دەزگای فەرمی ودیاریکردنی دەستەڵاتی دادوەری و دام و دەزگای پەیوەست بە دادگاو، ئاوەدانبوونەوەی کوردستان و بوژانەوەی بەرژەوەندی خەڵک و پێویستی قۆناغەکە بۆ رێکخستنی کاروباری هاوڵاتیان و زۆربوونی کێشەو ئاریشەو تێکەڵبوونی فەرهەنگ و کلتورە جیاوازەکان و تێکڕای پێشهات و ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکان وایکرد ئاراستەی فەتواو قەزا لێک جیابێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوەی دادو یاسا ئەرکی سەرپەرشتی و بەرێوەبردنی لایەنی قەزاو دادوەری کەوتە ئەستۆ، بوارە شەرعی و دینیەکەش بووە ئەرکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لەم پێناوە لەدوای کۆنگرەی دووەمەوە لە ساڵی 1992 لێژنەی فەتوا جارێکی تر رێکخرایەوەو ئەرکی پیرۆزی فەتواو روونکردنەوەی پرس و پێشهاتە نوێیەکانی پێ سپێردرا، لێژنەی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان و لێژنەی فەتوای سەر بە لقەکانی ئەو یەکێتیە لە شارەکانی کوردستان کارا کران و ئەم خزمەت و رێڕەوە بەردەوامی و رێچکەی خۆی وەرگرت.
لەدوای کۆنگرەی شەشەمەوە لە ساڵی 2018 ناوی ئەم لێژنەیە بە دیاریکراوی لە کۆبوونەوەی 2ی4ی2019 گۆڕدرا بۆ (ئەنجومەنی باڵای فەتوا)و گۆڕانکارییەکی نەوعی و پیشەیی بە ئامانجی پتر بایەخدان بە بواری فەتوا لە هەرێم هاتە ئارا، خزمەت و هەوڵ و هەڵوێستەکانی بوونە جێی شانازییەکی گەورەو دەستکەوتی زۆر بۆ کوردستان و یەکێتی زانایان لەناو کاری پیشەیی خۆیدا.
هەر لەبەر گرنگی و هەستیاری پێگەی فەتواو بایەخدانی یەکێتی زانایان بەم بوارە، بە پاڵپشتی راستەوخۆی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان، بەرێز پ.د. حسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوا، پەیڕەوی گشتی ئەنجومەنی ناوبراوی نووسینی بە ناونیشانی: (المنهج العام للمجلس الأعلی للإفتاء فی کوردستان- المبادئ، الضوابط، الأهداف، البنود، التعلیمات) کە لە دووتوێی کتێبێک چاپ و بڵاوکرایەوەو مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای فەتوا وەک چوارچێوەو نەخشەرێی کاری فەتوا پەسندیان کرد، ئەمەش بووە سەرەتای قۆناغێکی تری چوونە پێشەوەی رەوشی فەتوا لە هەرێمی کوردستان.
لە لاپەڕە 12ی ئەم پەیڕەوە هاتووە: (وقد جمع المجلس فی فتاویه بین (الأصالة) معتمدا على الفقه المدّون، (والمعاصرة) معتمدا فيها على الفقه الواقع، ملتزما بأصول قواعد المذهب الفقهي السائد ونعني به مذهب الإمام الألمعي الجهبذ الورع أبي عبدالله الشافعي المطلبي- رحمه الله). 
بەگوێرەی ئەم برگەو پەیڕەوە بێت ئەنجومەنی باڵای فەتوا بنچینەی گشتی و بنەمای سەرەکی فەتوادانی بەگەڕانەوە بۆ رێڕەوی مەزهەبی ئیمامی شافیعی بووەو دەبێت، بە رەچاوکردنی هەردوو جەمسەری فیقهی نوسراوو فیقهی هاوچەرخ، بەو پێیەی مەزهەبی شافعی کۆکەرەوەی هەردوو مەدرەسەی فەرمودەو ڕەئیەو، زۆرینەی کورد بەدرێژایی هەزار ساڵ پەیڕەوی لێ کردووە؛ بەهەند وەرگرتنی ئەم زۆرینەیەو لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیش مەبەستێکی رەواو شەرعیە.  
بۆیە بواری فەتوا بە کۆششی ئەندامانیەوە لە رۆژی دامەزراندنیەوە تا ئیمرۆ، لەرووی مەنهەج و ئاراستەی پیشەییبوون و پارێزگاریکردن لە توراسی فیقهی و زانستی گەورە زانایان، مەزهەبی ئیمامی شافیعی کردۆتە بنەمای کارکردن و سەنتەری فەتوادان، بەو پێیەی پتر لە هەزار ساڵە میللەتی ئێمەو زانایانی کورد ئەم مەزهەبەیان پەیڕەو کردووە، سەرباری ئەوەی ئەگەر لە پرس و پێشهاتێک پێویستی کردبێت بۆچوونی مەزهەبەکانی تر (ئیمامی ئەبو حەنیفەو ئیمامی مالیک و ئیمامی ئەحمەد)یان وەرگرتووەو، تەنانەت بە پەیڕەوکردنی بنەمای ئاوێتەکردنی فیقهی هاوچەرخ و گەڕانەوە بۆ ئەساڵەت؛ چوارچێوەی فەتواکانی خۆی بە شێوازێکی هاوسەنگ داڕشتووە.
لە بڕگەی (ث) لە ماددەی یازدەمی پەیڕەوو پرۆگرامی یەکێتی زانایان هاتووە: (یعتمد المجلس فی فتاواه مذهب الإمام الشافعی –رحمه الله- بإعتباره مذهب الغالبية في اقليم كوردستان مع مراعاة الزمان والمكان على ضوء المقاصد الشرعية والمصالح المعتبرة والإستعانة بغيرها من المذاهب الغسلامية الأربعة والمجامع الفقهية المعروفة في عصرنا الحالي).
ئەم دەق و ماددەیە پاڵپشت بە بڕگەی دووەم لە ماددەی دووەمی یاسای رێکخراوو کۆمەڵەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە (18)ی ساڵی (1993) لەگەڵ تەواوی پەیڕەوو پرۆگرامی ناوخۆی یەکێتی زانایان لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) ژمارە (234) لە 19ی3ی2019 لە لاپەڕە (29) بڵاوکراوەتەوە، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا هێزێکی یاسایی دەبەخشێتە کاری ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان و زەمینەی خزمەتکردن و بە فەرمی ناساندنی مەزهەبی ئیمامی شافیعی لە کوردستان.
لەسەر ئەم بنەمایەو لەروانگەی بەچارەسەر زانینی هەنگاوی لۆژیکی و واقعی بۆ رێکخستنەوەو باشترکردنی رەوشی دینداری لەهەرێم، رۆژی 6ی ئەیلولی 2023 کۆبوونەوەی فراوانی یەکێتی زانایان بە بەشداری ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و بەرپرسی لقەکان ئەنجام دراو بەلاغێکی گرنگ و تایبەت بۆ لایەنی پەیوەندارو رای گشتی راگەیێندرا، کە لە خاڵی سێیەمی بەلاغەکە هاتووە: له‌پێناو پاراستنی به‌های كاری بانگه‌وازی و گوتاری ئایینی و به‌ره‌و پێشبردنی ره‌وشی دینداری و ئارامی دۆخی مزگه‌وته‌كان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و، رێگری له‌ ناله‌باری بۆچوونی هاورده‌و نازانستی و ناكامڵ و پاراستنی پێگه‌و رێڕه‌وی زانایان و، یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی فیقهی لەناو موسڵمانانی كورد وه‌ك هه‌ر وڵاتێكی تری ئیسلامی، لەرووی فکری و عەقیدەیی دێرینی مەلای کورد په‌یڕه‌وكردنی مه‌زهه‌بی ئیمانی شافیعی وەک مه‌زهه‌بی رسمی هه‌رێمی كوردستان بە پێویست دەزانێت. 
دوا بەدوای ئەم هەنگاوەش مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان؛ نوسراوێکی فەرمی بە ژمارە (1013)  لە 25ی10ی2023 بەهاوپێچی فەتوای ئەنجومەنی باڵای فەتوا ژمارە (1007/1) لە 24ی10ی2023 تایبەت بە (رێنمایی شەرعی تایبەت بە یەکخستنی پەرستش و دروشمەکان لە مزگەوتەکانی کوردستان بەپێی مەزهەبی ئیمامی شافیعی) ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرد، خۆشبەختانە رۆژی 5ی11ی2023 بە نوسراوێکی فەرمی ژمارە (4932) گشتاندنێکی بۆ سەرجەم ئەوقافەکان لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆییەکان دەرکردو تێیدا رایگەیاند؛ لەپێناو بەرژەوەندی گشتی کار بکرێت بە ناوەرۆکی نوسراوی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان. 
یەکێتی زانایان لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ ئەوەی تەنگژەو ئاریشەکانی بەردەم پرۆسەی دینداری و بابەتی فەتوا چارەسەر بکات و ئارامی رەوشی ئایینی لەهەرێم پەرە پێ بدات، کە خۆشبەختانە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی وەک پاڵپشت و هەماهەنگبوون هەوڵەکانی خۆی هاوشانی هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان یەکخستووە لەم بارەوە، ئەوەش خۆی لە بەرجەستەبوونی بڕیاری بەفەرمی ناساندنی مەزهەبی ئیمامی شافیعی دەبێنێتەوە وەک مەزهەبی فەرمی هەرێم بۆ کاروباری فەتواو یەکخستنی دروشم و پەرستشەکان.
ئەم ئاراستەیە لە کارو ستراتیژیەتی یەکێتی زانایان وەنەبێ تەنها لە بواری فەتواو خزمەتی خەڵک و کۆمەڵگە بایەخی خۆی دەرخستبێ، بەڵکو لە ئاستی باڵای نەتەوەیی و رەوشی دینداری لەهەرێم، بۆتە فاکتەرێکی گرنگی یەکڕیزی میللەتی کورد لەرووی عەقیدەیی و فیقهیی و هێشتنەوەی مەرجەعیەتی فەتواو پاراستنی میراتی زانستی زانایانی پێشین و رێڕەوی وەستیەت لەلایەک و، رێگریکردن لەتەشەنەو سەرهەڵدانی ئاریشەو پەرتەوازەیی و فەوزاو بیری توندڕەوی لەلایەکی ترەوە. 





ئەم هەواڵە 790جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad