ZNA - هەولێر محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو دەستلەکارکێشانەوانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن سێ وەزیرەوە پێشکەشکرابوون، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە بڕیاری دادوەری.
دادگای باڵای فیدراڵی کە باڵاترین دەزگای دادوەرییە لەسەر ئاستی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی دەرکرد، دوای ئەوەی پەرلەمانتارێک بە تۆمەتی "تەزویرکردنی" بەڵگەنامەیەک سکاڵای لەسەر تۆمارکردبوو.
لەبەرامبەردا حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی حەلبوسی دەستلەکارکێشانەوەی سێ وەزیرەکەی لە حکومەت ڕاگەیاند، کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و پلاندانان و پیشەسازییان بەدەستەوەیە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو دەستلەکارکێشانەوانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن وەزیرانی پلاندانان و پیشەسازی و ڕۆشنبیرییەوە پێشکەش کرابوون".
لە بەیاننامەکەدا ڕوونیدەکاتەوە کە ئەم ڕەتکردنەوەیە لە خواستی حکومەتەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ ئەوەی "نوێنەرایەتی سیاسی بۆ هەموو خەڵک مسۆگەر بکات، لەگەڵ پێکهاتەکانیان و هێزە سیاسییەکانیان، و هاوئاهەنگی لەگەڵ پابەندبوونەکانی حکومەت بۆ پشتیوانیکردن و بەردەوامیدان بە سەقامگیری سیاسی".
ئەم هەواڵە 634جار خوێندراوەتەوە |