ZNA - هەولێر لە یاری لوتکە و ئاگرینی گەڕی 12ی خولی نایابی ئینگلتەرا، یانەی چێڵسی لە ستامفۆرد بریچ میوانداری مانچستەر سیتی کرد.
لە ئەنجامدا یاریەکە بە یەکسانی و بە چوار گۆڵ بۆ هەر یانەیێک کۆتاییهات.
لە تایمی یەکەمدا، ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ سیتی هەژمارکرد و ئێرلینگ هالاند بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرد و سیتی کردە خاوەن گۆڵێک، دوای چێڵسی بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ لە ڕێگەی تیاگۆ سیلڤا و ستێرلینگ لە خولەکی 29 و 37 وەڵامی هاڵاندیان دایەوە،
گواردیۆلا لە ڕێگەی یاریزانەکانی لە هێرشەکانی بەردەوامبوو، تاکو لە خولەکی یەکی زیادکراوی ئەو تایمە مانوێل ئاکانجی ئەنجامەکەی بۆ سیتی یەکسانکردەوە.
لە تایمی دووەمدا مانچستەر سیتی باشتر دەرکەوت و لە خولەکی 47دا هالاند گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی مانچستەر سیتی تۆمارکرد،
هەردوولا بەردەوامبوون لە فشارەکانیان بۆ سەر گۆڵی یەکتر، ئەوەبوو لە خولەکی 67 نیکۆلاس جاکسۆن گۆڵی بەرامبەری یانەی بلۆزی خاوەن یاریگا تۆمارکرد،
دوای لێدانێکی بەهێزی ڕودری هێرناندێز و هەڵەی سیلڤا، مان سیتی گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد،
ناوبژیوان 8 خولەکی زیادکراوی بەرزکردەوە و لێدانێکی سزای بۆ چێڵسی هەژمارکرد و لە خولەکی 95 کولێ پالمەر گۆڵی بەرامبەری بۆ چێڵسی تۆمارکردەوە.
بەم ئەنجامە، یانەی مانچستەر سیتی دوو خاڵی لەدەستدا و بەڵام هەر لە پێشەنگە بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ، چێڵسیش بە 16 خاڵ لە پلەی دەیەمی ڕیزبەندی دێت.
ئەم هەواڵە 553جار خوێندراوەتەوە |