ZNA - ههولێر
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، ئهمڕۆ شەممە، رایگەیاند، شەوی رابردوو پۆلیس لە شاری کەرکووک کەسێکی لەسەر دڕاندنی پۆستەری بەربژێرانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەستگیرکرد.
تۆمەتبارەکە لەلایەن بنکەی پۆلیسی قۆریەی شاری کەرکووک بە مادەی 420 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک گوتی، رێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکە گیراوەتەبەر؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پۆلیسی کەرکووک نەرمی نانوێنێت لە بەرامبەر ئەوکەسانەی ئەو جۆرە کارانە دەکەن و دەیانەوێت ئارامی شارەکە و بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تێکبدەن.
دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتیە لە کاتێکدایە، رۆژی 8-11-2023 مەسعود پەروێز، بەربژێری ژمارە 2ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، "لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دژی سووکایەتیکردن و دڕاندنی پۆستەری بەربژێرەکانمان سکاڵامان تۆمار کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین".
ئەو بەربژێرەی پارتی گوتی، پۆستەری بەشێکی زۆری بەربژێرانیان دڕێندراوە و هەندێکیشیان وەکو سووکایەتییەک سووتێندراون.
01-11-2023 بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە بڕیارە لە 18-12-2023 لە 15 پارێزگای عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی 2009 و 2013 بەڕێوەچووە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بەڕێوەنەچووە.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە. کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشدارن.
رووداو
ئەم هەواڵە 622جار خوێندراوەتەوە |