ZNA-هەولێر بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 6-11-2023) هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 41 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 54 سەنت بەرزبووەوە و بە 81 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەک چاوەڕوان دەکرا، سعودیە رایگەیاند تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی رۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت بە شێوازی خۆبەخشانە و بەو پێیەش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە لە مانگی داهاتوو (مانگی کۆتایی ئەمساڵ)، بە نزیکەی 9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا مەزەندە دەکرێت.
هەروەها رووسیا یەکێکی دیکە لە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی نەوت لە جیهان، رایگەیاندووە بەهەمان شێواز بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی رۆژانە 300 هەزار بەرمیل.
نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تەکساس هەفتەی رابردوو بەهۆی کەمبوونەوەی نیگەرانییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە شەڕی ئیسرائیل و چەکدارانی غەززە بەرێژەی 6٪ دابەزین.
ئەم هەواڵە 379جار خوێندراوەتەوە |