ZNA-هەولێر بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 10 دۆلار دابەزی و لە نزیکەی 1975 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەوپێیەش ئەمە بۆ سێ رۆژی بەردەوامە نرخی زێڕ رووی لە دابەزین کردووە.
دابەزینی نرخی زێڕ لەکاتێکدایە ئەم هەفتەیە بانکە ناوەندییەکانی ئەمریکا، ژاپۆن و بەریتانیا بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدەن.
لە هەلومەرجێکی ئاساییدا، بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا و دابەزینی بەهای کانزا و کاڵاکان.
بەپێی ئەو رووپێوییانەی کە ئەنجامدران، ئەگەری کەمە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەمجارە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر بەڵێنی داوە کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ جارێکی دیکە سوودی بانکی بەرزدەکاتەوە.
هەرچەندە هەڵاوسان لە ئەمریکا لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا رووی لە دابەزین کردووە، بەڵام هێشتا دوورە لە ئامانجی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە 2٪ـە، لەبەر ئەوەش بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێداگرە لە بەردەوامیدان بە سیاسەتی نەختیی بانکەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر کە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس هەفتەی رابردوو نرخی زێڕی تاوەکو 2009 دۆلار بەرزکردەوە و نیگەرانییەکانی پەیوەست بە شەڕەکە، بازاڕە داراییەکانی تووشی شۆکی گەورە کردووە و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی 10 ساڵی ئەمریکای بەرزکردووتەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە دوای ساڵی 2007ـەوە.
ئەم هەواڵە 448جار خوێندراوەتەوە |