ZNA- هەولێر
عاسم ئەلعەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، پێشنیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕادەبەدەر مەترسیدارە و عێراق وێران دەکات.
ئەلعەوادی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ئەلعەهد ڕایگەیاند: داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کارێکی زۆر مەترسیدارە و بڕیارێکی لەم شێوەیە بەو ئاسانییە ناکرێت. ئەمە کارێکە نەک تەنها کاریگەریی لەسەر ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا هەیە، بەڵکو عێراقیش لەنێو دەبات.
ناوبراو ڕایگەیاند: سەبارەت بە هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی سوید، ١٦ باڵیۆزی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ڕایانگەیاند کە بەهۆی سویدەوە باڵیۆزخانەکانیان دادەخەن و عێراق بەجێدەهێڵن. کەواتە چاوەڕوانی چی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکرێت؟ ڕاپرسیەکان باس لەوە دەکەن ئەگەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دابخرێت، هیچ کەسێک لە عێراق نامێنێتەوە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بوونی ڕۆژئاوا بە گشتی به بوونی ئەمریکاوه لە عێراق بەندە، چونکە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەوەیە کە دڵنیایی دەداتە ئەوانی تر لە ناوخۆی وڵاتەکەماندا پارێزراون. بە کشانەوەی ئەم هاوپەیمانییە هیچ کام لە لایەنە ڕۆژئاواییەکان لە عێراق نامێننەوە.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر، موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدەر لە بەیاننامەیەکدا داوای کردبوو لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بە داخستنی بالێۆزخانەی ئەمریکا بدرێت.
ئەم هەواڵە 454جار خوێندراوەتەوە |