ZNA- هەولێر وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات عێراق جێبهێڵن و بۆ کاری پێویستیش نەبێت لە هەرێمی کوردستان نەمێننەوە.
رۆژی هەینی، 27-10-2023، وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا هاووڵاتییانی خۆی ئاگادارکردەوە کە دەکرێت بەهۆی پێشهاتەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززەوە سەقامگیریی عێراق "بە خێرایی و زیاتر تێکبچێت."
لە راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، نەخشەی عێراقی بە رەنگی سوور پێشانداوە کە مەبەست لێی ئاستی هۆشداریی هەرە بەرزە و دژی سەردانیکردن یان مانەوە لەو ناوچانە ئامۆژگاری دەکات؛ هەروەها پارێزگەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجەی هەرێمی کوردستانی بە رەنگی پرتەقاڵی پێشانداوە، بە واتەی ئەوەی کە مەترسییەکەی کەمترە، بەڵام ئامۆژگاریی هاووڵاتیانی دەکات بۆ کاری پێویست نەبێت لەوێش نەمێننەوە و عێراق بە تەواوی جێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا باس لەوە دەکات، شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل گرژییەکانی وڵاتەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی زیادکردووە؛ هۆشداریش دەدات لە مەترسیی دروستبوونی خۆپیشاندان بە دیاریکراویش لە شارە گەورەکان.
پێشتر لە راگەیێندراوێکی هاوشێوەدا لە 22-10-2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، "داوا لە کارمەندە ناپێویستە حکومییەکانی وڵاتەکەمان و خێزانەکانیان لە عێراق دەکەین ئەو وڵاتە جێبهێڵن."
هاوکات لەو راگەیەندراوەدا هاتبوو، "بەهۆی زیادبوونی مەترسی تیرۆر، رفاندن، گرژیی چەکداری و نائارامی لە عێراقدا مەترسی لەسەر هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق هەیە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە "لە عێراق هاووڵاتییە ئەمریکییەکان لەژێر مەترسی هێرش و رفاندندان، میلیشیاکانی دژە ئەمریکا هەڕەشە لە هاووڵاتییان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکەن"؛ هەروەها ئاماژە بەوەش کرابوو کە خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان تەواوی عێراقیان گرتووەتەوە و ئەگەری هەیە ئەو رووداوانە "بە خێرایی ببنەهۆی وەستاندنی هاتووچۆ، گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە و تەنانەت بگەنە ئاستی تووندوتیژی."
ئەم هەواڵە 547جار خوێندراوەتەوە |