هەولێر – ZNA حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان و شاندی یاوه‌ری و د. دانه‌ر مسته‌فا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رووسیا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی سه‌ردانی "كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی"یان له مۆسكۆ كرد، كه دووه‌م دێرینترین په‌یمانگه‌ی میوزیكییه له رووسیادا
.
له چوارچێوه‌ی سه‌ردانی شاندی باڵای وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ رووسیا، شانده‌كه سه‌ردانی په‌یمانگه "كۆنسێرڤاتۆری" چایكۆڤسكییان كرد.
خاتوو مارگرێتا ئیڤانۆڤنه كاراتیگینا، به‌رپرسی به‌شی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی و به‌یه‌كه‌وه كاركردنی پرسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی پێشوازی له شاندی هه‌رێمی كوردستان كرد.
له به‌رایی دیداری پێشوازیدا، كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان، ڕایگه‌یاند، ئه‌مه یه‌كه‌مجاره شاندێكی كوردی سه‌ردانی په‌یمانگه‌كه ده‌كه‌ن و خۆشحاڵی خۆی به سه‌ردانه‌كه ده‌ربڕی.
له‌و میانه‌یه‌دا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان به بایه‌خه‌وه باسی ڕۆڵی میوزیك و هونه‌ری له به‌یه‌ك گه‌یشتنی شارستانییه‌ته‌كان و ئاشنایی گه‌لان به ژیاری یه‌كدی كرد و ڕایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له قۆناغی زێڕینی گه‌شه‌ی كولتووری و هونه‌ری خۆیدایه، هونه‌رێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ و فره‌چه‌شن له هه‌رێمه‌كه بووه‌ته سیمبوڵی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و ڕێزگرتنی به‌ها و كولتووری جیاوازی نێوان پێكهاته جیاجیاكان.
گوتیشی: وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان وه‌ك چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته كولتووری و فه‌رهه‌نگییه‌كان كاری كردووه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی تایبه‌ت بۆ ڕۆشنبیری و كولتوور و هونه‌ری سه‌رجه‌م پێكهاته نهتهوهیییهكانی وه‌ك (ئه‌رمه‌ن، كلدان سریان ئاشووری و توركمان) كراوه‌ته‌وه، تا بتوانن په‌ره به فه‌رهه‌نگ و كولتووری هونه‌ری خۆیان بده‌ن.
ڕوونیشیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به كرانه‌وه‌ی زیاتری كولتووری هه‌یه به ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌یدا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به گرنگییه‌وه ده‌ڕوانینه به‌شداری میوزیكسانانی كورد له ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كانی جیهاندا و ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی له مۆسكۆ په‌یوه‌ندییه‌كانمان فراوان بن و كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئێوه بگوازینه‌وه ناوه‌نده زانستی و هونه‌رییه‌كانمان.
وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له هه‌رێمی كوردستان جگه له كۆلیژه‌كانی هونه‌ر، له زانكۆكاندا (11) په‌یمانگه‌ی تایبه‌ت به هونه‌ر و میوزیك هه‌ن و فێرخوازان لێیان سوودمه‌ندن. گوتیشی: هیوادارین له‌م په‌یمانگه‌یه‌دا ده‌رفه‌ت بدرێته ئه‌و میوزیكسانه كوردانه‌ی ده‌یانه‌وێت له بواری میوزیك بخوێنن.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان ئاماژه‌ی به ده‌وڵه‌مه‌ندی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری میوزیكی كوردی كرد و گوتی: له ناو كورددا میوزیك وه‌ك سرووتێكی ئایینی مێژووی هه‌زاران ساڵه‌ی هه‌یه و تا ئێستاش له كولتووری ئایینی یارساندا میوزیك وه‌ك به‌شێك له سرووتی پیرۆز و گه‌شه‌پێدانی رووحیه‌تی ئایینی رۆڵی هه‌یه، هه‌روه‌ها سیاچه‌مانه، لاوك، حه‌یران، به‌سته، مه‌قام، هۆره و سه‌رجه‌م هونه‌ره‌كانی خۆشخوانی و چڕین مێژووییه‌كی دێرینی هه‌زاران ساڵه‌یان له‌ناو كورددا هه‌یه و بوونه‌ته ناسنامه‌ی هونه‌ریمان.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان بانگهێشتی خاتوو مارگرێتا ئیڤانۆڤنه كاراتیگینا، به‌رپرسی به‌شی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی و به‌یه‌كه‌وه كاركردنی پرسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و له نزیكه‌وه واقیعی هونه‌ر و گه‌شه‌ی كولتووری و میوزیكی كوردی ببینێت.
له به‌رامبه‌ردا خاتوو مارگرێتا، پوخته‌یه‌كی له باره‌ی مێژووی دامه‌زراندنی "كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی" خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، میوزیكسانه به‌ناوبانگه‌كانی جیهان به‌شێكی به‌رچاویان ده‌رچووی پهیمانگهكهیانن.
گوتیشی: له ڕابردوودا، له رێگه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده كوردانه‌ی له ڕیزی شانده ئێرانییه‌كان سه‌ردانی كۆنسێرڤاتۆرهكهیان كردووه، هه‌ندێك زانیاریان له باره‌ی میوزیكی كوردی بیستووه.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، بڕیار درا، گرووپێكی میوزیكی كوردی به سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند فه‌رید ئیلهامی، به مه‌به‌ستی ئاشناكردنی زیاتری گه‌لی رووسیا به میوزیكی كوردی، له ژماره‌یه‌ك گه‌وره شاری رووسیای فیدڕاڵ، كۆنسێرتی میوزیك و گۆرانی ساز بكه‌ن.
كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی، به‌ناوبانگترین په‌یمانگه‌ی میوزیكه له ئاستی رووسیادا، دووه‌م دێرینترین په‌یمانگه‌یه له رووسیا، كه له (1ـی ئهیلوول/ سێپتێمبه‌ری 1866) به ناوی "كۆنسێرڤاتۆری ئیمپراتۆریای مۆسكۆ" دامه‌زراوه، له سه‌ره‌تاوه تا ساڵی 1878 چایكۆڤسكی مامۆستای تیۆری و هارمۆنی په‌یمانگه‌كه بووه، له ساڵی 1940 دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوی لێنراوه "كۆنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی".
رۆژی چوارشه‌ممه (11ـی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2023)، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به مه‌به‌ستی ئاماده‌بوون له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كوردی، به سه‌ردانێك گه‌یشته مۆسكۆی پایته‌ختی ڕووسیای فیدڕاڵ.
هه‌ریه‌ك له ئازا حه‌سیب قه‌ره‌داخی، ڕاوێژكاری وه‌زاره‌ت، نامق هه‌ورامی، به‌ڕێوبه‌ری ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی و بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، له سه‌ردانه‌كه‌دا یاوه‌ری وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانن.
لە ساڵی 2020 ـه‌وە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ لە رووسیا بەڕێوەدەچێت، وەشانی یه‌كه‌م و دووەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سپۆنسەری فێستیڤاڵەکە بوو.
ئەم هەواڵە 475جار خوێندراوەتەوە |