هەولێر – ZNA حه‌مه‌ی حه‌مه سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وه‌شانی سێیه‌می فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كوردی مۆسكۆ، رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان به گرنگییه‌وه ده‌ڕوانێته فێستیڤاڵه‌كه و پشتیوانی سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانی دەکات.
له مۆسكۆی پایته‌ختی رووسیای فیدڕاڵ، وه‌شانی سێیه‌می فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كوردی له مۆسكۆ به ئاماده‌بوونی وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی باڵای وه‌زاره‌ت ده‌ستی به كاره‌كانی كرد.
له ده‌ستپێكی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به گرنگییه‌وه ده‌ڕوانێته فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له وڵاتی رووسیا و پشتیوانی كاره‌كانتان ده‌بین و سوپاسی حكومه‌ت و گه‌لی رووسیا ده‌كه‌ین، كه ساڵانه ئه‌م فێستیڤاڵه كوردییه له ئامێز ده‌گرن.
گوتیشی: سه‌رزه‌وی ڕووسیا به‌وه ناسراوه هه‌میشه له به‌رده‌م گه‌لی كورددا كراوه بووه چ بۆ كوردانی خودی رووسیا و چ بۆ له ئامێزگرتن و میوانداری شۆڕشگێڕان و ئاواره‌كانی كورد له رابردوودا.
له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، گوتی: ئێمه له هه‌رێمی كوردستان به سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، ساڵانه له شاری دهۆك فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی سینه‌ما ساز ده‌كه‌ین، جگه له سینه‌ماكارانی كورد له وڵاتانی دراوسێ و ئه‌وروپا و جیهانه‌وه سینه‌ماكاران به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، تا ئێستا نۆ گه‌ڕی ئه‌م فێستیڤاڵه ئه‌نجام دراوه و بۆ ئه‌مساڵیش خه‌ریكی ئاماده‌كارین بۆ گه‌ڕی ده‌یه‌می.
له كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان سوپاس و پێزانینی بۆ رێكخه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه ده‌ربڕی و گوتی: رێكخه‌ران و هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ئه‌م فێستیڤاڵه جیهانییه، ماندوو نه‌بن و ده‌ست خۆشییان لێ ده‌كه‌م، سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراسته‌ی وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و كولتووری رووسیای فیدڕاڵ و به‌رپرسانی دامه‌زراوه فه‌رهه‌نگییه‌كان، كارگێڕانی ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی رووسیای فیدڕاڵ ده‌كه‌م.
دواتر د. دانەر مستەفا نوێنەری حکومەتی هەرێم لە رووسیا، لەوتارێکدا گرنگی فێستیڤاڵەکەی باسکرد و رۆڵی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی بەرز نرخاند بەتایبەت ئامادەبوونی خودی وەزیر و شاندێکی باڵای وەزارەت، نیشانەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمە بەم فێستیڤاڵە.
گولیزار گەردنزەری سەرۆکی فێستیڤاڵەکە، لەوتارەکەیدا باسی پردی پەیوەندی نێوان گەلی کورد و رووس کرد، بەتایبەتی لەبواری هونەری سینەمادا.
لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سوپاسی پاڵپشتییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی کرد لە خولەکانی ئێستەو پێشتردا.
هونەرمەند فەرید ئیلهامی بە پێشکەشکردنی چەند گۆرانی و میوزیکێکی تایبەتی یارسان، ئاهەنگی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەی رازاندەوە.
هه‌ر له مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی فێستیڤاڵه‌كه‌دا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان به‌شداری له وێنه‌ی یادگاری فێستیڤاڵ كرد و دواتر گرووپی هه‌ڵپه‌ڕكێ و سه‌مای مۆسكۆ، دوو تابلۆی هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی‌یان پێشكه‌ش كرد.
رۆژی چوارشه‌ممه (11ـی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2023)، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به مه‌به‌ستی ئاماده‌بوون له فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی كوردی، به سه‌ردانێك گه‌یشته مۆسكۆی پایته‌ختی ڕووسیای فیدڕاڵ.
هه‌ریه‌ك له ئازا حه‌سیب قه‌ره‌داخی، راوێژكاری وه‌زاره‌ت، نامق هه‌ورامی، به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی و شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، له سه‌ردانه‌كه‌دا یاوه‌ری وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانن.
لە 2020 ـه‌وە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ لە رووسیا بەڕێوەدەچێت، وەشانی یه‌كه‌م و دووەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کوردی مۆسکۆ، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سپۆنسەری فێستیڤاڵەکە بوو.
ئەم هەواڵە 463جار خوێندراوەتەوە |