ZNA - هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، شاری بەغدا میوانداری دانیشتنێکی بەپەلەی یەکێتی پەرلەمانی عەرەبی دەکات بۆ پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەڵەستین، ڕوحی فەتوح گوتی: "لەگەڵ محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوامان کرد دانیشتنێکی بەپەلەی یەکێتی پەرلەمانی عەرەبی ئەنجام بدرێت، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی فەڵەستین، وەڵامی حەلبوسی زۆر خێرا بوو و بانگهێشتنامەی بۆ هەموو پەرلەمانە عەرەبییەکان نارد بۆ ئەوەی دانیشتنێکی بەپەلە ئەنجام بدەن".
بەگوێرەی ڕۆژنامەی فەرمیی سەباح، فەتوح "هیوای خواست هەموو برا عەرەبەکان بەشداری بکەن و هیچ وڵاتێک دوانەکەوێت".
ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستێکی هەمەلایەنەی عەرەبی و بەیاننامەیەک دەردەکرێت، ئەمە جگە لە هەڵوێستی یەکێتی عەرەبی و پلانی کارکردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەرلەمان، لە نێوان پەرلەمانەکانی جیهاندا بە مەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ گەلی فەلەستین لە رووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بە تایبەت لە کەرتی غەززە".
ئەم هەواڵە 469جار خوێندراوەتەوە |