ZNA-هەولێر جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرد و تاوتوێی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و ناردنی کۆمەکی مرۆییان بۆ غەززە کرد.
بە پێی راگەیێندراوێکی کۆشکی سپی، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی ئەو هەوڵانە کردووە کە رێگری لە تەشەنەکردن و بەرفراوانبوونی زیاتری شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکەن. هاوکات هەردوولا تاوتوێی دۆخی مرۆیی غەززە و ناردنی کۆمەکی مرۆییان بۆ ناوچە کرد بە هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ناوچەکە.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە داوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، بایدن و سوودانی جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا کردووەتەوە ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنامەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە داوە، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندی خۆیان بە هەماهەنگی بەردەوامی تیمی هەردوولا دووپاتکردووەتەوە بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئامانجە هاوبەشەکان و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.
ئەمڕۆ شەڕی نێوان گرووپە فەڵەستینییەکان و سوپای ئیسرائیل پێدەنێتە رۆژی 11ـهەمینەوە و تا ئێستاش هێرشەکانی هەردوولا بۆ سەر یەکدی بەردەوامن.
ئەم هەواڵە 517جار خوێندراوەتەوە |