ZNA- هەولێر سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانیدا بە ناردنى هاوکاریی مرۆیی بۆ شارى غەززەى فەلەستین، کە لەژێر گەمارۆى سوپاى ئیسرائیدایە.
رۆژی 12ى تشرینى یەکەمى 2023، باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە بە ناردنى هاوکاریى مرۆیی بۆ شارى غەززەى فەلەستین و ئەو هەنگاوەى بەستووەتەوە بە "هەڵوێستى جێگیرى عێراق بەرامبەر بە دۆسیەى فەلەستین."
باسم عەوادى ئاماژەى بەوەداوە کە "هاوئاهەنگى لەگەڵ دەسەڵاتدارانى میسر دەکەن بەمەبەستى ناردنى ئەو هاوکارییانە بۆ شارى غەززە، کە پێکهاتووە لە پێداویستى پزیشکى و دەرمان."
09ى تشرینى یەکەمى 2023 یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل فەرمانی بۆ سەرجەم هێزە زەوینی و دەریاییەکانی دەرکرد بە سەپاندنی گەمارۆی تەواو بەسەر کەرتی غەززە و گەمارۆکە بڕینی خۆراک، سووتەمەنی و کارەبا دەگرێتەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ بۆردوومانکردنى چەند پێگەیەک لە غەززە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلەوە.
ئەو کاردانەوەیەى ئیسرائیل لە لەدواى ئەوە هات کە لە 7ى تشرینى یەکەم بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیکردە ناوچەکانى پشتێنەى غەززە کە لەژێر دەسەڵاتى ئیسرائیلدایە.
لە ساتی دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسەوە، لانیکەم هەزار و 300 کەس لە نێو ئیسرائیلدا کوژراون و سەرووی سێ هەزاری دیکەش برینداربوون، ئەمە وەک بەرپرسانی ئیسرائیلی رایانگەیاندووە.
لە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیش بۆسەر کەرتی غەززە، هەزار و 417 کەس کوژراون کە 447یان منداڵ و 248یان ژنن، هەروەها 6 هەزار و 268ی دیکەش برینداربوون، ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە.
ئەم هەواڵە 493جار خوێندراوەتەوە |