ZNA-هەولێر نرخی نەوت رۆژی چوارشەممە 11-10-2023 بەهۆی نیگەرانی لە پچڕانی خستنەڕووی ئەو کاڵا ستراتیژییە لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنت 26 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 87 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 17 سەنت بەرزبووە و بە 86 دۆلار و 14 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا زیاتر لە 3 دۆلار و 50 سەنت بەرزبووەوە، دوای ئەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل. نیگەرانی سەریهەڵداوە کە تەشەنەکردنی ئەو شەڕە بۆ وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خستەڕووی نەوت لە بازاڕدا.
هەرچەندە ئیسرائیل بڕێکی کەم نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵام بازرگانان نیگەرانن و رەنگە تەشەنەکردنی شەڕ توانای وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە خستەڕووی نەوت سنووردار بکات.
وارن پاتێرسن و ئێوا مانسی، دوو شرۆڤەکاری سەر بە بانکی ING لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "هێشتا مەترسی هەیە ئێران لەو شەڕە تێوەبگلێت، ئەگەر ئەوە رووبدات، بەهۆی تووندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران، ئەگەری کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە ئارادایە."
بەرپرسانی ئێرانی رەتیانکردووەتەوە دەستیان هەبووبێت لە هێرشەکەی حەماس، ئەمریکاش بە فەرمی دەڵێت، بەڵگەی تەواوی لەدەست نییە کە بیسەلمێنێت راستەوخۆ ئێران دەستی هەبووە لە هێرشی حەماسدا.
ئەم هەواڵە 472جار خوێندراوەتەوە |