ZNA-هەولێر
دوای ئەوەی نرخی زێڕ بەهۆی نیگەرانییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە شەڕی غەززە لە 1810 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1860 دۆلار، رۆژی چوارشەممە نەیتوانی زیاتر لەو ئاستە بەرزبێتەوە و هەر ئۆنسەیەک لە دەوروبەری 1859 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی بازرگانانی زێڕ، نرخی زێڕ پێویستی بە هاندانێکی نوێیە بۆ ئەوەی ئاستی 1860 دۆلاریش تێپەڕێنێت و بگاتە ئاستی 1880 دۆلار.
لەگەڵ ئەوەشدا زێڕ توانیویەتی پارێزگاری لە ئاستی 1850 دۆلار بکات کە بە ئاستێکی هەستیار لە رووی تەکنیکییەوە هەژمار دەکرێت.
نرخی زێڕ هەفتەی رابردوو بەهۆی ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە دابەزی بۆ 1810 دۆلار، بەڵام لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل نرخی زێڕ توانی لە کەمترین ئاستەکانی 7 مانگی رابردووی خۆی دووربکەوێتەوە.
ئەمڕۆ بڕیارە بانکی ناوەندیی ئەمریکا روونکردنەوەی زیاتر لەسەر کۆبوونەوەی لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکەکە کە لە مانگی 9 بەڕێوەچوو بدات و هەر جۆرە ئاماژەیەک لەسەر ئەوەی کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەگەری هەیە گۆڕانکاری لە سوودی بانکی بکات، کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت.
ئەم هەواڵە 445جار خوێندراوەتەوە |