ZNA-هەولێر نرخی نەوت ئەمڕۆ (پێنجشەممە)، دوای کردنەوی بازاڕەکانی ئاسیا توانی هەندێ لە زیانەکانی رۆژی رابردووی خۆی قەرەبوو بکاتەوە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ بەرهەمهێنەرانی ئەندام لە هاوپەیمانیێتیی ئۆپێک پڵەس رۆژی چوارشەممە بڕیاریاندا درێژە بە رێککەوتنەکەی پێشووی خۆیان بدەن، بۆ کەمکردنەوەی خستنەڕووی رۆژانەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ.
نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 5-10-2023) بە بڕی 63 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 86 دۆلار و 44 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش 49 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 84 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
پێشبینییەکان بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوتی خاو، رۆژی چوارشەممە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتیان بە بڕی نزیکەی 5 دۆلار دابەزاند.
داتاکانی کارگێڕیی وزەی ئەمریکا، کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرانەوە ئاشکرایان کرد؛ خواست بۆ بەکارهێنانی بەنزین لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو 8 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت.
بانکی نیشتمانی ئۆسترالیا سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوت رایگەیاند، "وەک پێشتر، پێشبینی دەکەین لە چارەگی چوارەمی ئەمساڵدا کورتهێنان لە بازاڕی نەوتدا رووبدات. دابەزینی نرخی نەوتیش لە رۆژی چوارشەممەوە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەندامانی ئۆپێک پڵەس پابەند بن بە رێککەوتنەکەیانەوە."
یەک ساڵ لەمەوبەر و لە مانگی 10ـی ساڵی 2022، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت کەمتر بخاتە بازاڕەوە، بەڵام لەو کاتە بەدواوە سعودیە و رووسیا بەردەوام بوون لە کەمکردنەوەی نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیلی زیاتر بە شێوازی ئارەزوومەندانە و، بەو پێیەش لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نەوتەوە لە بازاڕدا کەمتر خراوەتەروو.
ئەم هەواڵە 463جار خوێندراوەتەوە |