English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سالار عوسمان: پێویستمان به‌ بوونی میدیایه‌كی نیشتمانییه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بپارێزێت
2023-10-04 [06:23 AM]

ZNA-ھەولێر


به‌رپرسی به‌شی رۆشنبیری و راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، میدیا له‌ كوردستان تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ كاری خۆی وه‌ك پێویست بكات و رۆڵی پیشه‌یی خۆی بگێڕێت، هاوكات سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان میدیایه‌ك دروست بووه‌، كه‌ ده‌كرێ به‌ "میدیای هه‌ڕه‌شه‌" ناو ببرێت و ره‌چاوی سنووره‌ نیشتمانی و به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی و كۆمه‌ڵاتیه‌تییه‌كان ناكات و له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كاندا نییه‌.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 4ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) سالار عوسمان، به‌رپرسی به‌شی رۆشنبیری و راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌میانی پێشكه‌شكردنی سیمینارێك له‌ دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 به‌ ناونیشانی "گوتاری ره‌خنه‌یی بۆ میدیای كوردی" رایگه‌یاند، میدیا ده‌كرێت حزبی سیاسی یان كۆمپانیایه‌ك یان هه‌ر كه‌سێك خاوه‌نی بێت، به‌تایبه‌تی له‌ سه‌رده‌می جیهانگیریدا ئه‌مه‌ حاڵه‌تێكی ئاساییه‌ و ناكرێت میدیا له‌و بارودۆخه‌ به‌ده‌ر بكرێت، به‌ڵام مه‌رجه‌ له‌ چوارچێوه‌ی تێگه‌یشتنی نیشتمانی بێت و زیان به‌ به‌ها نیشتمانییه‌كان نه‌گه‌یه‌نێت و لێكترازان و دابڕان و كه‌رتبوون له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دروست نه‌كات و به‌هاكان نه‌دۆڕێنێت.

به‌رپرسی به‌شی رۆشنبیری و راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشا، ره‌وشی میدیا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستێكی باشدا نییه‌ و ئه‌ركه‌ سیاسی و به‌هاكانی به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌. تێبینی ئه‌وه‌یشی كرد، بۆیه‌ ئه‌م دۆخه‌ دروست بووه‌ و میدیا به‌م ره‌وشه‌ گه‌یشتووه‌، چونكه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست سیاسییه‌كان و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ له‌ به‌هاكان ده‌دات تا به‌و ئاسته‌ گه‌یشتووه‌، میدیا ببێته‌ "هه‌ڕه‌شه‌" و ده‌چێته‌ نێو ورده‌كارییه‌ كه‌سییه‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌ستێره‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان ترسیان بۆ دروست بووه‌، ناتوانن به‌ خواستی خۆیان بابه‌ته‌ كه‌سییه‌كانیان پراكتیزه‌ بكه‌ن.

سالار عوسمان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی سیمیناره‌كه‌یدا باسی له‌ مه‌ترسییه‌ جۆراوجۆره‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كرد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش پێی وابوو، وه‌ك چۆن گه‌نده‌ڵی، نادادپه‌روه‌ری، تیرۆر، مادده‌ی هۆشبه‌ر و نادیده‌گرتنی ماف، رۆڵ و پێگه‌ی ئافره‌ت له‌ كایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوورییه‌كاندا مه‌ترسین، به‌ هه‌مان شێوه‌ "میدیای هه‌ڕه‌شه‌"ـیش بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ كۆی مه‌ترسییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌بێ بوونی به‌ڵگه‌، ده‌خاته‌ به‌رده‌م خۆی. هاوكات به‌ پێویستی زانی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌، سه‌كۆیه‌ك و گوتارێكی ره‌خنه‌یی هه‌بێت.

ناوبراو هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی میدیای كوردی له‌ ماوه‌ی سی ساڵی رابردوودا ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆی قسه‌ ده‌كات و نه‌یتوانیوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ و لای ئه‌وانی دیكه‌ باز بدات و بیاندوێنێت. جه‌ختیشیكرده‌وه‌ بۆ ره‌خساندنی كه‌شێكی ئه‌رێنی میدیایی، پێویست به بوون و هێنانه‌ئارای‌ سه‌خاوه‌ت و ده‌ستكراوه‌یی تێگه‌یشتنێكی قووڵ هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی باڵادا كۆنفرانس و دیبه‌یتی جیددی له‌و باره‌یه‌وه‌ بكرێت.

به‌رپرسی به‌شی رۆشنبیری و راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان روونیشیكرده‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ماندووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ماندوویه‌تییه‌ی له‌سه‌ر كه‌م بكرێته‌وه‌، پێویست ده‌كات له‌م قۆناغه‌دا میدیا قسه‌ی مه‌عقووڵ بكات و هه‌مووان رازی بكات و ده‌ستباری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌كانی بێت. گوتیشی: "هه‌مووان حه‌قیقه‌تیان لایه‌ و حه‌قیقه‌ت به‌ ته‌نیا موڵكی كه‌سێك یان حزبێك یان میدیایه‌كی دیاریكراو نییه‌، به‌ڵكو هه‌مووان له‌ حه‌قیقه‌تدا هاوبه‌شن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هه‌مووان پێویستیان به‌ بوونی میدیایه‌كی نیشتمانییه‌، كه‌ تاكو ئێسته‌ له‌سه‌ری رێكنه‌كه‌وتوون و پێویست به‌ رێككه‌وتن هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و میدیا نیشتمانییه‌."

له‌ به‌رده‌وامی سیمیناره‌كه‌دا گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ له‌نێوان كارمه‌ندانی كوردستان24 و به‌رپرسی به‌شی رۆشنبیری و راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ كاری مدیایی و گوتاری ره‌خنه‌ی میدیایی كه‌ ناوه‌ڕۆكی سیمیناره‌كه‌ بوو، به‌ڕێوه‌چوو.





ئەم هەواڵە 274جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad