ZNA - ههولێر
ئاژانسی هەواڵی فارس کە دەزگایەکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە لە هەواڵیكدا رایگهیاند، ڕۆژی یەکشەممە،1ی مانگی پشرینی یهكهم قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی گەیشتوەتە تاران و دواتریش پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ئارمەن گریگۆریان سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەرمینیا گەیشتوەتە ئەو وڵاتە.
لە هەواڵەکەدا هاتووە ئەعرەجی و شاندی یاوەری لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەتەوە و لە دانیشتنەکەیاندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراقیان تاوتوێ کردووە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قەیس ئەلمحەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، پاشنیوەڕۆی یەکشەممە،1ی ئەم مانگە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (INA) باسی لە وردەکاری نوێی کارەکانی عێراق کرد سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەیان لەگەڵ ئێران و گوتی "لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەگەڵ ئەفسەرانی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکە لە ساڵێک پێش ئێستاوە پێکهاتووە بۆ کۆنترۆڵی سنوورەکان لەلایەن پاسەوانانی سنووری عێراقەوە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمە دەستیپێکردووە و لە ئیستادا چەند خاڵی سنووری کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و گرووپە جودایخوازەکانیان لەو ناوچانە دوور خستوەتەوە."
هەروەها ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا دەڵێت قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی ئەمنی گەشتیان بۆ تاران کردووە بۆ تاوتوێکردن ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەرمینیا پاش نیوەڕۆی یەکشەممە بە مەبەستی دیدار و وتووێژ لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی گەیشتوەتە تاران وبڕیارە لە دیدارەکەیاندا پڕۆسەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەی قەفقازی باشوور تاوتوێ و ئاڵوگۆڕ بکەن.
گەشتەکەی گریگۆریان بۆ تاران دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەی قەرەباخ ڕوودەدات.
کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر زۆر جار ڕایگەیاندووە کە قەرەباغ بە بەشێک لە کۆماری ئازەربایجان دەزانێت و پێی وایە کە پرسەکانی، لەوانەش ماف و ئاسایشی دانیشتووانی پێویستە لەم چوارچێوەیە و لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر بکرێن.
voa
ئەم هەواڵە 541جار خوێندراوەتەوە |