ZNA - هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق سەردانی تارانی پایتەختی ئێران دەکات، بە ئامانجی تەواوکردنی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە لە نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدراوە، کە بریتییە لە چەکداماڵینی گروپ و لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و ئێستا لەسەر خاکی هەرێمی کوردستانن.
لە بەیاننامەیەکدا کە نووسینگەی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، قاسم ئەعرەجی بە سەرۆکایەتی شاندێکی ئەمنی بەرەو تاران بەڕێکەوتووە بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، لەژێر ڕێنمایی فەرماندەیی سەرۆکی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی.
هەروەها شاندەکە لە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد و کۆمەڵێک بەرپرسی ئەمنی و حکومی عێراق پێکدێت.
س/شەفەق نیوز
ئەم هەواڵە 601جار خوێندراوەتەوە |