|
هەولێر – ZNA حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ریوڕەسمێکەدا خەڵاتی رێزلێنانی وەزارەتی بەخشییە هونەرمەند و شانۆكاری كورد، د. نیگار حەسیب قەرەداخی.
ریوڕەسمەکە لە هۆڵی "بێشكچی" لە دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری و لاوان و ئاریان سەلاحەدین، بریكاری وەزارەت و د. نیگار حەسیب قەرەداخی و ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەند و رۆشنبیران و دۆستانی هونەرمەند بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ریوڕەسمێکەدا، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان پیرۆزبایی لە د. نیگار قەرەداخی كرد، بە بۆنەی سەركەوتنەكانی لە بواری شانۆ و سەركەوتنی كارەكانی لابۆری شانۆی لالش لە نەمسا.
گوتیشی: شانۆ یەكێكە لە ژانرە هونەرییە كاریگەرەكان و رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە فێركردن و پێشكەوتنی كۆمەڵگە و هاوكات چێژ و مەعریفە بەیەكەوە دەبەخشێتە بینەرانی.
هەروەها گوتی: ئەگەرچی تەمەنی هونەری شانۆ لە ناو كورددا زۆر نییە، بەڵام هونەرمەندانی شانۆكار توانیویانە بە بەرهەم و كۆششەكانیان خزمەتێكی بەرچاوی ڕەوتی شانۆ و هونەری كوردیی بكەن و سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و كێشانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، چراخانی شانۆی كوردیی هەر گەش و پڕشنگدار بووە.
لە بەشێكی دیكەی ریوڕەسمێکەدا، وەزیری رۆشنبیری و لاوان خەڵاتی رێزلێنانی وەزارەتی بەخشییە د. نیگار حەسیب قەرەداخی.
هەروەها ئاریان سەلاحەدین، بریكاری وەزارەت چەپكە گوڵی رێزلێنانی وەزارەتی پێشكەش بەو هونەرمەندە کرد.
لە گوتەیەكیشدا، د. نیگار قەرەداخی، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان، رایگەیاند، ئەم خەڵاتە بۆ یەكەمجارە لێرە پێم ببەخشرێت، چونكە لە وڵات و سەرچاوەی خۆمەوەیە، زۆر بەهادارترە لە هەموو ئەو خەڵاتانەی لە ئاستی نەمسا و نێودەوڵەتی پێم بەخشراون و ئەگەر لەوان زیاتر نەبێت، هیچی لەوان كەمتر نییە.
لە كۆتایی ریوڕەسمێکەدا، ئامادەبووان بە پێشكەشكردنی گوڵ رێزیان لە كۆشش و داهێنانەكانی د. نیگار حەسیب قەرەداخی لە بواری شانۆدا گرت.
ئەم هەواڵە 523جار خوێندراوەتەوە |