ZNA – هەولێر
باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق رایگەیاند، دەستمان کردووە بە پێدانی ڤیزا بە هاوولاتیانی عێراقی و رێکارەکانیش بەتەواوی ئاسان کراون.
ناسر مامدۆڤ باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پێدانی ڤیزا بەو هاووڵاتییە عێراقیانەی کە دەیانەوێت سەردانی کۆماری ئازەربایجان بکەن دەدەین، ئەمەش لە ڕێگەی رێکارە ئاسانکراوەکان، لە بالیۆزخانەی ئازەربایجان لە بەغدا دەبێت.
گوتیشی: دوای دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتی سەرۆککۆماری ئازەربایجان کە منی وەک باڵیۆزی نائاسایی دەستنیشان کرد، ئێمە دەستمان کردووە بە پێدانی ڤیزە بەو هاوڵاتییە عێراقییانەی کە دەیانەوێت سەردانی ئازەربایجان بکەن، لە رێگەی میکانیزم و ئاسانکارییەوە کە باڵیۆزخانە کورتیان دەکاتەوە.
مامدوڤ دەشڵێت: بە پێی یاسا و رێساکان، بڕی تێچووی وەرگرتنی ڤیزا تەنها 20 دۆلاری ئەمەریکییە.
حکومەتی ئازەربایجان رێگەی بە هێڵی ئاسمانی عێراقی داوە، کە گەشتی راستەوخۆ بۆ ئازەربایجان ئەنجام بدات و بەپێی داتاکان پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا گەشتی راستەوخۆ لە فڕۆکەخانەی بەغدا و فڕۆکەخانەی کەرکوکەوە ئەنجام بدرێت، لە قۆناغی داهاتووشدا گەشتی راستەوخۆ لە بەسرە و هەولێرەوە تەرخان ئەنجام دەدرێت.
ئەم هەواڵە 787جار خوێندراوەتەوە |