ن.سیروان مینە خان
وەختێک کەسێتی تاکێک کێشەی لەگەڵ بونی خۆیدا دەبێت وەک دکتۆر محمد تەها حسێن دەڵێت "توشی سەر لێشێواوی دەبێت سەبارەت بەلێک جیاکردنەوەی زەمەنەکان، ئەمڕۆ(ئێستا) و دوێنێ و سبەی ناناسێتەوە، ئەم پەینەبردنە بە زەمەن مەترسیەکی بونیادیە"
لەڕاستیدا ئەوەی انسانێکی چێژگەرا و هاکەزایی لە انسانێکی چاڵاک و ئەکتیڤ بەمانا مەعریفیەکەی جیادەکاتەوە پەی نە بردنە بە بوونە عەقڵیەکەی خۆی.
لەسەردەمی ئێستادا و بۆ ئێمە کەکار لەسەر پڕۆسەی نەتەوە سازی و دەوڵەتسازیدا دەکەین، وە مەترسیەکان لەسەر ئێمە و کیانی هەڕێمی کوردستان جدین، چەندە گرنگە ئەوە لە تاک بەتاکی کورد بگەیەنین کە لە ڕابردوودا چیمان کردوە و چیمان بەسەر هاتوە، هێندەش گرنگە لەوەیان تێبگەینین کە ئێستا چین و پێوستمان بەچیە!
نەتەوەیەک دەرس لەڕابردوو وەرنەگرێت و لەئێستادا نەژی و بەرخورد لەگەڵ واقع نەکاو دەست و پەنجە لەگەڵ ململانێی سەردەمی ئێستایدا نەرم نەکات، لەداهاتودا مەگەر شەیتان بزانێت قاچی دەکەوێتە چ زەلکاوێکەوە.
کۆمەڵگەی کوردی کەتائێستاش بەرهەمی عەقڵی خۆی ناخوات و نەیتوانیوە سیستم بۆ بەرەنگار بونەوەی ئەوستەمانە دابنێت کە لێی دەکرێت، مانای وایە نەگەیشتوینەتە لێواری عەقڵانیەت و پێشکەوتنیش.
"عەقڵانیەت بەر لەهەر شتێک سیستم دێنێتە ئاراوە بۆ ئۆرگانیزەکردنی هەر جوڵەیەکی، تا چیتر سەرەداوی کێشەکانی خۆی لێ وون نەبێت"
چەندە پیاهەڵدان و گەورەکردنی ڕابردوو لەلایەن تاکی کوردەوە گرنگە هێندەش بەهەند گرتن و جدییەتی لە چۆنیەتی تەحەمولکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی ئێشتاماندا گرنگە، ئەوە ڕابردوو بوو بێرەی گەیاندین و ئێستایە داهاتو دەنەخشێنێ، نەتەوەی عاقڵمەند ڕێزی ڕابردوو دەگرێت و لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا دەڕوا و لەئێستادا دەژی.
بنەمای داخل بوونی دیرۆکیانەی نەتەوەیەک جیاکردنەوە و پەی بردنیەتی بەزەمەنەکان و دۆخی هەنوکەیی.
سەرەکیترین پێویستیەکانی نەتەوەسازی بوونی کوردە بەتەواوی وجودیەوە لەئێستادا.
پتەوکردن و بنیادی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و نیشتیمانی گرنگترین ڕێگەچارەکانی پرسی کوردن.
وەکخۆمانەوە نەخۆشیە و ناهێڵێ کۆمەڵگا لەدوێنێ داببڕێ و داخلی ئێستابێت، وەک تۆمادۆ دەڵێت، " نەزانی دۆگماتیست نایەوێ لەوە زیاتر بزانێ کە دەزانێ".
لە پرۆسەی نەتەوەسازییدا، پێویستێکی زۆرمان بە پێکەوە بەستنی خۆشیی و ناخۆشیەکانمان هەیە، دەبێت لە هزری ئێمە و نەوەکانمان بچەسپێت کە ئێمە کوردین، بۆیە کیمیاباران و ئەنفال و جینۆساید کراین.
بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە هەر لەناو ئەنفالدا بژین، بەڵکو دەبێ ستەم وامان لێبکا سیستم بنیاد بنێین.
ئەوەی دەتوانێ تا ڕادەیەک قەرەبوومان بکاتەوە، دروستبوونی ئینسانی کوردە، ئینسانێک بە تایپێکی گونجاو بۆ ژیانی مۆدێرن و دەوڵەت و نەتەوەی مۆدێرن.
لەڕاستیدا دەبوا تا ئەمڕۆ ئێمە پڕۆسەی نەتەوەسازییمان ڕەتکردبا، بەڵام ھێشتاش کات ماوە.
ئەم هەواڵە 613جار خوێندراوەتەوە |