ZNA-هەولێر نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ (دووشەممە، 4-9-2023) لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 17 سەنت بەرزبووەوە و بە 88 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 25 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو نرخەکانی نەوت توانیان بگەنە بەرزترین ئاستی خۆیان لەماوەی شەش مانگی رابردوودا.
بەپێی ئامارەکان، کەرتی پیشەسازیی چین لە مانگی ئابدا گەشەی کردووە، ئەوەش هیوای بەخشیوەتە بازرگانانی نەوت بەوەی خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت روو لە بەرزبوونەوە دەکات.
بانکی ناوەندیی چین هەروەها هەفتەی رابردوو کۆمەڵێک هاندانی پێشکێش بە بانکەکانی ئەو وڵاتە کرد تاوەکو بتوانن پاڵپشتی لە کەرتی خانووبەرەی وڵاتەکەیان بکەن، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا.
ئەم هەفتەیە هەروەها وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کۆدەبنەوە و پێشبینی دەکرێت سعودیە و رووسیا درێژە بە کەمکردنەوەی ئاستی خستنەڕووی نەوت بدەن.
رووسیا لە مانگی رابردوودا خستنەڕووی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی کەمکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لەم مانگەشدا رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی کەمتر دەخاتە بازاڕەکانەوە.
هەروەها پێشبینی دەکرێت سعودیە بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی خستنەڕووی رۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت، تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو.
ئەم هەواڵە 307جار خوێندراوەتەوە |