English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هەموو وردەکارییەکانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ و خەڵاتەکانی ئەوروپا
2023-08-31 [11:39 AM]

ZNA - هەولێر


ئەمڕۆ تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا رادەکێشرێت و چاوەڕواندەکرێت لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە یاریی بەهێز ببینرێن و خەڵاتی باشترینەکانی ئەوروپاش دابەشدەکرێت.

 

کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان جارێکی دیکە و دوای سێ ساڵ رێوڕەسمی راکێشانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ لە کۆربەندی گریمالدی لە مۆناکۆی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، نوێنەری سەرجەم یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکە و بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا تێیدا ئامادەدەبن.

 

32 یانە بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا دەکەن، یانەکان بەسەر چوار ئاستدا دابەشکراون، کە ئاستی یەکەم لە 7 پاڵەوانی خولەکانی ئەوروپا و یانەی سێڤییای پاڵەوانی یۆرۆپالیگ پێکدێت.

 

ئەوەی بۆ هەمووان جێگەی سەرنجی زۆرە، بوونی ریال مەدریدی خاوەنی 14 نازناوی چامپیۆنزلیگە لە ئاستی دووەمی یانە بەشدارەکانی چامپیۆنزلیگدا، هەر بەو هۆیەشەوە چاوەڕواندەکرێت تیروپشکەکە رکابەریی بەهێز و سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە ببینێت، بەتایبەتیش کە لە ئاستی سێیەم و چوارەمدا یانەکانی وەک ئەیسی میلان و نیوکاسڵ تێیدا بەشدارن.

 

لە تیروپشکی چامپیۆنزلیگدا، یانەکانی سەر بە یەک یەکێتیی تۆپی پێی بەریەک ناکەون، نابێت لە پاڵەوانێتییەکەدا دوو یانەی یەک شاریش لە هەمان شەودا یارییەکانیان ئەنجامبدەن.

 

ئاستی یانە بەشدارەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەمشێوەیەیە

 

 

ئاستی یەکەم

 

مان سیتی

سێڤییا

بارسێلۆنا

ناپۆلی

بایرن میونشن 

پاریس سانجێرمان

بێنفیکا

فاینۆرد

 

 

ئاستی دووەم

 

ریال مەدرید

مانچێستەر یونایتد

ئینتەرمیلان

دۆرتموند

ئاتلێتیکۆ مەدرید

لایپزیگ

پۆرتۆ

ئارسیناڵ

 

ئاستی سێیەم

 

شاختار 

سالزبۆرگ

میلان

براگا

ئایندهۆڤن

لازیۆ

سێرڤێنا زڤێزدا

کۆپێنهاگن

لایپزیگ

 

ئاستی چوارەم

 

یەنگ بۆیز

ریال سۆسیداد

گاڵاتەسەرای

سێلتیک

نیوکاسڵ

یونیەن بەرلین 

رۆیال ئانتوێرپ

لانس

 

یارییەکانی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ لە رۆژانی 19 و 20ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکەن، لە 12 و 13ـی12ـی ئەمساڵ یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان کۆتاییدێن و ئەو یانانە یەکلادەبنەوە کە دەگەنە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.

 

یاریی کۆتایی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە 1-6-2024 کە رۆژی شەممە دەکات لە یاریگەی وێمبڵی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت، کە پێشتر 7 یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا لەو یاریگەیەدا کراون و هیچ یاریگەیەکی دیکە هێندەی ئەو یاریگەیە کە بە ماڵی تۆپی پێ ناسراوە، پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپای تێدا نەکراوە.

 

دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی ئەوروپا

 

دوای راکێشانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی ئەوروپا بۆ وەرزی 2022-2023 بەڕێوەدەچێت، کە دیارترین خەڵاتی، خەڵاتی باشترین یاریزانە.

 

بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا، هەریەکە لە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەرمەیامی، دوای بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2022، ئێرلینگ هالاند، ئەستێرە و گۆڵکاری یانەی مانچێستەر سیتی دوای ئەوەی بووە گۆڵکاری پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ، سێ نازناوی لەگەڵ یانەکە بردەوە لەگەڵ کیڤن دیبرۆین، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی مان سیتی کە رۆڵی گەورەی بینی بۆ بردنەوەی ئەو نازناوانە بەربژێرن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.

 

چاوەڕواندەکرێت لە رێوڕەسمەکەی ئەمشەودا لیۆنێل مێسی، بەهۆی ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە خولی ئەمریکا یاریی هەبووە ئامادەنەبێت.

 

لەسەر ئاستی راهێنەران، هەریەکە لە پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی بەبردنەوەی سێ نازناو، سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری ئینتەرمیلان بەهۆی بردنەوەی نازناوی جامی ئیتاڵیا و گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و لۆچیانۆ سپالێتی، راهێنەری پێشووی یانەی ناپۆلی و ئێستای هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، بەبردنەوەی نازناوی سێریا ئەی بۆ یانەکەی باشووری ئیتاڵیا بەربژێرن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین راهێنەری ساڵ لەسەر ئاستی ئەوروپا.

 

بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزان لەسەر ئاستی خانمان، هەریەکە ئۆلگا کارمۆنا، خاوەنی گۆڵی یاریی کۆتایی مۆندیالی خانمان بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لەگەڵ ئایتانا بۆنماتیی هاونیشتمانی و سام کێری یاریزانی ئوسترالی و یانەی چێڵسی بەربژێرن بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.

 

بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین راهێنەر، لەسەر ئاستی تۆپی پێی خانمان لەنێو سێ بەربژێری کۆتاییدا 2 بەربژێریان پیاون، کە هەریەکە لە جۆناتان گیرالدێس، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، خۆرخێ ڤیڵدا، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیان و رکابەری لەگەڵ سارینا ڤیگمانی راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئینگلتەرا دەکەن.

 

رووداو





ئەم هەواڵە 610جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad