ZNA - ههولێر
لە یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانى عێراق، دوو ژن دەستگیرکران کە بەشێوەیەکى"جیاواز" هەوڵى بە قاچاخبردنى دینارى عێراقی و دۆلاریان داوە و لەنێو جلى ژێرەوەیاندا گیرفانی شاراوهیان دروست كردووه.
27ـی ئابى 2023، دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو دوو ژنەى بڵاوکردەوە، کە وەک لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە "ویستوویانە بەشێوەیەکى جیاواز ئەو بڕە پارەیە لە دەروازەى سنووریى قائیم لەنێوان پارێزگاى ئەنبار و وڵاتى ئوردن بەقاخاخ ببەن."
دەستەى دەروازە سنوورییەکان ئاماژەى بەوەش داوە؛ لەکاتى پشکنینى ئەو دوو ژنە لەلایەن ژنە کارمەندەکانى دەروازە سنوورییەکەوە، پارەکانیان دۆزیوەتەوە و ئاشکرایان کردوو.
بەگوێرەى وێنەکان کە ئەو دەستەیە بڵاویکردوونەتەوە، ئەو پارانە لەرێگەى دروستکردنى گیرفانى داخراو لەسەر جلوبەرگى ژێرەوە، هەوڵى بەقاچاخبردنیان دراوە.
پارەکە، 26 ملیۆن و 635 هەزار دیناری عێراقی و 40 هەزار دۆلارى ئەمریکى و 10 هەزار دۆلارى ئوسترالى بووە.
بەگوێرەى یاساى بنبڕکردنى سپیکردنەوەى پارە؛ هەرکەسێک دراو بە قەچاخ بباتە دەرەوە، سزاکەى دەگاتە 15 ساڵ بەندکردن.
رووداو
ئەم هەواڵە 877جار خوێندراوەتەوە |