ZNA - هەولێر
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی هەینی، ئەفسەرێکی فەرەنسی لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە عێراق گیانی لەدەستداوە، کە بەشداریی لە ئەرکێکی مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکرد.
سەرۆکایەتی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "باپتیست گۆشۆ لە فەوجی 19ی ئەندازیاران لە عێراقدا کۆچی دوایی کردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆککۆماری فەرەنسا، پشتیوانی خۆی بۆ گەلی عێراق و دەسەڵاتدارانی عێراق دووپاتدەکاتەوە، هەروەها ئیرادەی فەرەنسا بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن شانبەشانی ئەوان بۆ ڕاهێنان بە هێزە ئەمنییەکانیان کە ڕووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری فەرەنسا ڕایگەیاندووە، لە رووداوێکی هاتووچۆوە سەربازێکیان گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بەسەختی بریندارت بووە، کاتێک ئۆتۆمبێلەکەیان کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای نەشتەرگەری فریاگوزاری لە نەخۆشخانەی هەولێر بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە. هەڤاڵەکەی کە بە سەختی بریندار بووە، لە نەخۆشخانەیەکی سەربازی لە بەغدا چارەسەری بۆ دەکرێت.
باپتیست گۆشۆ لە مانگی ئایاری 2023ەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات کاردەکات.
ئەم هەواڵە 724جار خوێندراوەتەوە |