ZNA - هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، گەیشتە میسر بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی پەیوەندیی کۆمکاری عەرەبی.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "فواد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، گەیشتە میسر بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی پەیوەندییەکانی کۆمکاری عەرەبی، کە سبەی سێشەممە بەڕێوەدەچێت."
کۆبوونەوەکە بە بەشداری جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوردن و وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی میسر، سامح شوکری، و وەزیری دەرەوەی لوبنان، عەبدوڵڵا بو حەبیب، بەرێوەدەچێت، بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سووریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ فەیسەڵ مقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن و بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا دراون و لێکۆڵینەوە لە پێشهاتەکانی سووریا دەکرێت.
ئەم هەواڵە 673جار خوێندراوەتەوە |